ئه‌مجاره‌یان عه‌بادی له‌ڕێگه‌ی شه‌ڕی ئاو به‌رده‌وامی به ته‌عریب ده‌دات
ئه‌گه‌ر رێگری له عه‌بادی نه‌كرێت نه‌ك ته‌نیا كورد خاكه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات به‌ڵكو كاره‌ساتی مرۆییش رووده‌دات
K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له رووی سه‌ربازییه‌وه ھەموو ھەوڵێك بۆ ته‌عریبكردنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كان ده‌دات، ئێستا به‌نیازه شه‌ڕی ئاویش بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، په‌نای بۆ وشك كردنی به‌نداوی موسڵ بردووه، كه ئه‌مه‌ش مه‌ترسیی وشكه‌ساڵی دروست ده‌كات و رێگه‌ش بۆ ته‌عریبی ناوچه كوردستانییه‌كان خۆش ده‌كات.
به به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی به‌نداوی موسڵ بۆ ناوچه شیعه‌كان، عه‌بادی ده‌یه‌وێت سنووری نێوان ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی عه‌ره‌بنشین بسڕێته‌وه و، به‌رده‌وامی به ته‌عریبكردنی خاكی كوردستان بدات. له‌مباره‌شه‌وه شاره‌زایه‌كی جیۆلۆجی ده‌ڵێت: به‌و سیاسه‌ته‌ی عه‌بادی، كورد نه‌ك ته‌نیا خاكه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ڵكو له‌ئه‌گه‌ری رێگرینه‌كردن بۆ ئه‌و ره‌فتارانه، كاره‌ساتی گه‌وره‌ش رووده‌ده‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌ردانی ئاوی به‌نداوی موسڵ بۆ ناوچه شیعه‌كان، سوننه‌كانیشی نیگه‌ران كردووه و، ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان، زیانی گه‌وره‌ی ئه‌و كاره‌ی حكومه‌تی عێراق به عه‌ره‌به سوننه‌كان ده‌كه‌وێت و داواش له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، رێگری له سته‌مكارییه‌كانی عه‌بادی بكه‌ن.
به‌ر له ماوه‌یه‌كی كه‌م، زیاتر له 9 ملیار مه‌تری سێجا ئاوی گڵدراوه له‌ناو به‌نداوه‌كه‌دا هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا كه‌متر له 2 ملیار مه‌تری سێجا ماوه و، ئه‌گه‌ر رێگری له‌و كاره نه‌كرێت، پێشبینی ده‌كرێت له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا، ئه‌و سنوورانه له‌ناو بچن، كه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ئاوه دیاریكراون و، له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ش ببێته هۆكارێك بۆ له‌ده‌ستدانی به‌شێكی دیكه‌ی خاكی كوردستان.