نێچیرڤان بارزانی و حەسەن روحانی كۆبوونەوە
تاوتوێی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێران دەكەن
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە تاران كۆبوونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ئیرنا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران كۆبوونەوە.
بەپێی راگەیاندراوێکی نوسینگەی روحانی، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك کۆماری ئێران دووپاتی کردوەتەوە، کە پێویستە هەموو مافەکانی کورد بەپێی دەستووری عێراق پارێزراوە بن. لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، سوپاسی ئێرانی کرد بۆ کردنەوەی سنوور بە رووی هەرێمی کوردستان و جەختیشی لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و تاران کردەوە.
پێشتر شاندی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبوونەوە و تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێرانیان كرد، بڕیاریشە ھەر ئەمڕۆ لەگەڵ عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆببنەوە.
دوێنێ شاندێكی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان گەیشتە تاران.





