بەغدا پشت لە ئاوارەكانی مووسڵ دەكات

" تەنها حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریمان دەکات"

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق هاوکارییەکانی بۆ سەر ئاوارەکانی مووسڵ راگرت، ئێستا ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپی حەسەن شام، گلەیی لە حکومەتی عێراق دەکەن و دەڵێن، تەنها حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدەم داواكانیانەوە دەچێت و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات.

دایكی محەمەد، ژنێكی ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی حەسەن شامە ئەو دەڵێت: "داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین ھاوكاریمان بكات، چونكە لەبارودۆخێكی خراپ دەژین و پێویستمان بە ھاوكارییە، تەنیا سەرۆك مەسعوود بارزانی، ھاوكاریمان دەكات".

بە گوێرەی ئاماری حكومەتی عێراق تا ئێستا 6 ملیۆن ئاوارە كە بەھۆی شەڕی داعش ماڵ و حاڵیان جێ ھێشتبوو، گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان، لەلایەكی دیكە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاشكرای كردووە، تەنھا 40% ئاوارەكان گەڕاونەتەوە سەر ماڵەكانیان.

ئاوارەیەكی دیكەی كەمپی حەسەن شام، بەناوی محەمەد عەلی، بە كوردستان24 گوت: "رەوشی ئێمە لە كەمپ زۆر خراپە، لەبەر ئەوەی حكومەتی عێراق ھەر رۆژە و بەجۆرێك مامەڵەمان لەگەڵ دەكات، رۆژێك ھاوكاریمان دەكات و رۆژێكی دیكە لێمان دەبڕێت، ئەگەر وەك فشار وامان لێدەكەن تا بگەڕێینەوە بۆ ناوچەكانمان، ئێستا ناوچەكانی ئێمە وێرانكراون بگەڕێینەوە سەرچی؟".

داڕشتنەوە: ھ.م