بەغدا لەسەر دۆخی ئاوارەكانی بناری قەندیل بێ ھەڵوێستە

ئاوارەكانی بناری قەندیل: حكومەتی عێراق نە ھاوكاریمان دەكات و نە بەرگریشمان لێدەكات

K24 - سۆران

لە شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا، بەھۆی ھێرش و بۆردوومانی فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیا، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا ‌ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی بناری قەندیل شەھید و برینداربوونە، چەندین گوندیش چۆڵکراون، لەبەرامبەر پێشێلکردنی ئاسمانی ھەرێمی کوردستانیش، حكومەتی عێراق ھیچ ھەڵوێستێکی نەبووە، دانیشتووانی بناری قەندیل رەخنە لە بێ ھەڵوێستی حكومەتی عێراق دەگرن، كە تا ئێستا نە ھاوكاری كردوون نە ھیچ ھەڵوێستێكی فەرمیشی لەسەر بۆردوومانی ناوچەكەیان ھەبووە.

مریەم حسێن، خەڵکی گوندی زارگەلی بناری قەندیلە لە 1/8/2015، ھاوسەرەکەی بەھۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەکەیان شەھید بوو، ئەو ئێستا لەگەڵ کچەتاقەنەکەی لەئاوارەیدا دەژین. مریەم بە كوردستان24 گوت: "لە ساڵی 2015 ھاوسەرەكەم لە بناری قەندیل شەھیدبووە و خاوەنی منداڵێكم، تا ئێستا نە حكومەتی عێراق و نە ھەرێم ئاوڕێكی جددیان لە ئێمە نەداوەتەوە، سێ ساڵە ئاوارەو دەربەدەرم كەس لە مافی ئێمە ناپرسیتەوە، دڵم لەماڵی خۆمە و ناتوانم بڕۆم لەماڵی خۆم بژیم".

سەلیم خدر، ھاووڵاتیەکی دیکەی گوندی زارگەلی سنوری شارەدێی وەرتێ سەربەقەزای رواندزە، ئەویش نزیك سێ ساڵ لەمەوبەر بەھۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دایك و برازایەك و سێ ئامۆزای شەھید بوون، وێڕای شەھید بوونی ئەندامانی خێزان و کەسوکاری نەیتوانیووە بگەڕێتەوە گوندەکەیان. سەلیم دەڵێ: "سەرەڕای ئەوەی سێ ساڵە ئاوارەبووین و كەسوكارمان شەھیدبوون، تا ئێستاش وەك پێویست ھاوكاریمان نەكراوە".

لەبارەی بۆردوومانكردنی سنوورەكە و شەھیدبوون و ئاوارەبوونی ھاووڵاتیان، موسلیح زرار، بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ، بە كوردستان24 راگەیاند: "فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە بیانووی بوونی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەردەوام ناوچەكە بۆردوومان دەكەن، بەزاندنی ئاسمانی عێراق و ھەرێمی كوردستان و بۆردوومانكردنی، لەلایەن توركیاوە پێشێلكاری سەروەری خاكی عێراقە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق نە ھیچ ھەڵوێستێكی ھەیە و نە ھاوكاری ئاوارەكانیشی كردووە

لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەھۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) توركیا بۆردوومانی ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات، بەوھۆیەوە لەکۆی 63 گوندی بناری قەندیل 53 گوندیان کەوتوونەتەبەر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و 21 ھاووڵاتی سیڤیل شەھید و 28 گوندنشینی دیکە برینداربوونە، ھەروەھا زیاتر لە 10 گوندیش بە تەواوی چۆڵکراون، لەگەڵ خاپوور بوون و زیان بەرکەوتنی لە 60% پڕۆژەخزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە.

ھ.م