فراكسیۆنە كوردستانییەكان سەركۆنەی ھێرشەكانی سەر عەفرین دەكەن

"پێویستە وڵاتانی ناوچەكە مەترسییەكانی سەر عەفرین بە ھەند وەربگرن"

K24 - بەغدا

فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، ئیدانەی ھێرشەكانی سەر عەفرین و دەكەن و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكە دەكەن، رۆڵی خۆیان بگێڕن لە ھێوركردنەوەی بارودۆخەكە و راگرتنی ھێرشەكانی سەر عەفرین.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند: "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە دڕندانەی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین و ناوچەكانی دەوروبەری دەكەین، داواكارین لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكە دەكەین، رۆڵی خۆیان بگێڕن لە ھێوركردنەوەی بارودۆخەكە و مەترسییەكانی سەر عەفرین بە ھەند وەربگرن، لەبەر ئەوەی تێكدانی ئەمن و ئاسایش لە رۆژئاوای كوردستان دەبێتە ھۆی تێكچوونی بارودۆخی تەواوی ناوچەكە بە گشتی".

فراكسیۆنە كوردستانییەكان داواش لە دەوڵەتی توركیا دەكەن: "بە سیاسیەتی خۆیدا بچێتەوە و ھەر كێشە و گرفتێك ھەبێت، بە دانووستان لەگەڵ ئەو ھێزانەی رۆژئاوای كوردستان چارەسەری بكەن، كە ئەو ھێزانە قوربانی زۆریانداوە بۆ تێكشكاندنی داعش لە ناوچەكە".

داڕشتنەوە: ھ.م