كۆمسیۆن بۆ دیاركردنی رۆژی ھەڵبژاردنەكان چاوەڕێی حكومەتە
ئامادەكاری تەواو كراوە
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردن و راپرسی ههرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، چاوەڕێی كۆبوونەوەن لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان.
شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردن و راپرسی ههرێمی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "لە دوا كۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم، بڕیاردرا كە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان و كۆمیسۆن كۆببنەوە، ئێمە تا ئێستاش چاوەڕێی ئەوان دەكەین".
گوتیشی: "بەگوێرەی یاسای ژمارە 4 پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مافی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی نییە".
ئاماژەی بەوەشدا: "زۆربەی کارەکانی کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان تەواوبووە و داواكاریمان بۆ دابین كردنی پێداویستییەكانی ھەڵبژاردن پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە".