یەكێتی كێشە ناوخۆییەكان و ھەڵبژاردنەكان تاوتوێ دەكات

"ھەوڵدەدرێت ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆبكەنەوە"

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە سلێمانی بۆ تاوتوێكردنی راپۆرتێك لەبارەی كێشە ناوخۆییەكان و ھەڵبژاردنەكانی عێراق و چەند تەوەرێكی دیكە لە كۆبوونەوەدایە.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە ئامادەبوونی فوئاد مەعسووم، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و سەرۆك كۆماری عێراق دەستیپێكرد، دوای چەند ساتێك فوئاد مەعسووم، بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبەكەی جێھێشت، بەڵام كۆبوونەوەكە بەردەوامە، بە گوێرەی زانیارییەكانیش گرنگترین تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی راپۆرتێكە لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكە و ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق دەبێت كە یەكێتی چۆن بەشداربێت و ھاوپەیمانی لەگەڵ كام لایەن بكات".

بەپێی زانیاری پەیامنێرمان: "لە كۆبوونەوەكەی یەكێتی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی ھەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا دەكرێت، ھەروەھا دەیانەوێت كاتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی دیار بكرێت، بۆ ئەوەی تێیدا بڕیار لە كۆنگرەی حزبەكەیان بدەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی یەكێتی، تاوتوێكردنی راپۆرتێكی مەكتەبی رێكخستنی حزبەكەیە لەسەر بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی كە لەلایەن مەڵبەندەكان ئامادەكراوە، تێیدا پێشنیاز بۆ چارەسەری حزبەكە خراوەتەروو".