كۆڕبەندی داڤۆس دەستیپێكرد

كوردستان24 روماڵی دیدار و گفتوگۆكانی داڤۆس دەكات

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس دەستی بە كارەكانی كرد و پانێل و دیدارەكانی ئەو كۆڕبەندە تا 26 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

پەیامنێری كوردستان24 لە داڤۆس رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ خوانێك بۆ سەرۆك و سەركردەكانی بەشداربوو لە كۆڕبەندی ئابووری جیھان لە داڤۆس رێكدەخرێت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەشداری لە ئێوارە خوانەكە دەكات و لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆك و سەركردە بەشداربووەكانی كۆڕبەندەكە دەبێت".

گوتیشی: "بڕیارە سبەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، چەندین دیدار لەگەڵ سەرۆك و نوێنەری وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی ئەنجامبدات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە یەكەمجارە بەشداری لە كۆڕبەندەكە بكات، ھێشتا نەگەیشتووەتە داڤۆس".

ئەمڕۆ لە 70 وڵاتی جیھانەوە سەرۆك و سەرۆكوەزیران و کەسایەتی دیار و بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکان روویان لە سویسرا كردووە و لەماوەی سێ رۆژدا دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم ئابووری جیھان تاوتوێ دەکەن.

بڕیاریشە لە پەراوێزی ئەو كۆڕبەندە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامبدات، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق و عەبدولجەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق کۆببنەوە.

كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە ساڵی 1971 لە لایەن كلاوس شواب، پرۆفیسۆری ئەڵمانی زانكۆی ژنێڤ دامەزرا، لە سەرەتادا ناوی (كۆڕبەندی بەڕێوەبەرایەتی ئەوروپا) بوو، ئامانجیشی كۆ كردنەوەی رێبەرانی ئابووری و سەرمایەدارانی ئەورووپا بوو، بەڵام دواتر لە ساڵی 1987 بۆ (كۆڕبەندی ئابووریی جیھان) گۆڕا و پڕۆگرامەكانی بۆ پلاتفۆرمی چارەسەركردنی ناكۆكییە جیھانییەكان فراوانتر كران.