كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی جێھێشت

زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە ئەجندای كۆبوونەوەكە نیگەرانن

K24 - سلێمانی

كەمێك پێش ئێستا زۆربەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گەیشتنە بارەگای مەكتەبی سیاسی، بەڵام دوای چەند ساتێك كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كۆبوونەوەكەی جێھێشت، سەرچاوەیەكیش ھۆكارەكە بۆ قایل نەبوونی بە ئەجندای كۆبوونەوەكە دەگێڕێتەوە.

بەگوێرەی زانیاری پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی: "ھەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ بە ھۆكاری تێكچوونی باری تەندروستی كۆبوونەوەكەی جێھێشتووە، بەڵام سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد، كە كۆسرەت رەسوڵ لە ئەجندای كۆبوونەوەكە رازی نەبوو، بۆیە كۆبوونەوەكەی جێھێشت".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێرمان كەوتوون: "دوای ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ، كۆبوونەوەكەی جێھێشت، تا ئێستا ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر ئەجندای كۆبوونەوەكە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە".

پەیامنێری كوردستان24 ئەوەشی زانیووە: "بەشێكی زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكیتی لەوە نیگەرانن، كە لە كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكە دراوە و لەبەرامبەردا لیژنەیەك بۆ راییكردنی كارەكانی یەكێتی پێك بھێندرێت، بەڵام زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێن، دەبێ تا كۆنگرە دەبەسترێت، مەكتەبی سیاسی بمێنێتەوە".