نزیكەی 3 ھەزار سوننە لە عێراق بێسەرو شوێنن

حكومەتی عێراق وەڵامی كەسوكاریان ناداتەوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/04a2eedd-243e-4f76-b697-63990b1e36a2/012518JDC.ism/manifest

K24 - ھەولێر

نزیكەی دوو ساڵە خەڵكی سەگڵاویەی ئەنبار چاوەڕێ دەكەن چارەنووسی رۆڵەكانیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ ئاشكرابكرێت، ئەوان میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە رفاندنی پیاوەكانیان تۆمەتباردەكەن.

بەھۆی لەدەستدانی رۆڵەكانیانەوە، سەدان خێزانی پارێزگای ئەنبار رۆژانی سەخت بەڕێدەكەن. سەرباری خەمی ئاوارەیی، بە ئازاری لەدەستدانی رۆڵەكانیشییان دەتلێنەوە، كە بەرەو رێگایەكی نادیار و تاریك بردراون. بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكانیش تەنیا لە سەگڵاوییە نزیكەی 3 ھەزار كەس بێ سەروشوێنكراون.

لیستێكی گەورەی ناوی شوێنبزركراوان ھەیە و ھەریەكەشییان چیرۆكی تایبەت بە خۆی ھەیە.

چەندین جار كەسوكاری قوربانییەكان خەمەكەنیان گەیاندووەتە سەر مێزی حكومەت، تا چارەسەرێكییان دەستكەوێت، بەڵام بەدڵ ساردی گەڕاونەتەوە، بەشێك لەسەركردەكانی ئەم ناوچانەی سوننە نشینیش بە دەست تێكەڵاوكردن لەگەڵ میلشیاكان تۆمەتباردەكرێن.

وەڵامەكانی حكومەت نەیتوانی ئاگری ناخی دایكەكان دابمركێنێتەوە، ھەیانە كەسانێكی زۆری خانەوادەكەی لەدەستداوە، كەچی وەڵامێكی ئارام بەخشی لە حكومەت دەست ناكەوێت، چونكە ھەرخۆی حكومەت دەستەڵاتی بەسەر ملیشیاكانەوە نییە و پێدەچێت لەدەرەوە فەرمان وەرگرن.

لەدەستدانی خۆشەویستانیان وای لە خەڵكی سەگڵاویە كردووە لە پەراوێزی ژیاندا بەدوای پاروە نانێكدا بگەڕێن و پەنجەی تۆمەتەكانیش ئاراستەی گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی دەكرێن.

ئەوان بە مردوویی بێت یان بە زیندوویی دەیانەوێت چارەنووسی بێسەروشوێنكراوانیان بزانن، بەڵام شوێنێك شك نابەن تا گوێیان لێ بگرێت.

سەگڵاوییە حاڵەتێكە لە زنجیرەی ئەو پێشێلكارییانەی لە چەندین ناوچەی دیكە لەكاتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی بندەستی داعش لەلایەن میلیشیا تائیفییەكانەوە ئەنجامدراون.

كات تێدەپەڕێ و كەسوكاری رفێندراو و بێسەروشوێنكراوانیش ھیچ سۆراخێكییان لەبارەی رۆڵەكانیانەوە دەست ناكەوێ، لە نەبوونی بەخێوكەریشدا تەنیا دەستییان بە ھیواوە گرتووە بۆ ژیان.