له وانه‌بێژی ئیسلامییه‌وه بۆ ده‌ستدرێژی سێكسی
نه‌وه‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئیخوان موسلمین به‌تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی له‌فه‌ره‌نسا ده‌ستگیركرا
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له دادگای فه‌ره‌نسا، دوای ئاشكرابوونی تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكس بۆسه‌ر دوو ئافره‌ت، تارق ره‌مه‌زان به‌نا، بیرمه‌ندی ئیسلامی و مامۆستای وانه ئیسلامییه هاوچه‌رخه‌كان له زانكۆی ئۆكسفۆردی به‌ریتانی، ناوبراو له‌لایه‌ن پۆلیسی فه‌ره‌نساوه ده‌ستگیركراوه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به رووسیا توده‌ی راگه‌یاندووه، دوای ده‌ستگیركردنی، به‌نا له گرتووخانه‌یه‌كی سه‌ر به ئیداره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوانه‌كان له پاریس زیندانیكراوه، كه لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی دوو كه‌یسی جیاواز به‌ڵام هه‌ردووكیان بابه‌تی سێكسن له‌گه‌ڵیدا ده‌كرێت.
له یه‌كێك له كه‌یسه‌كان ئاشكرا بووه، ئه‌و مامۆستا ئیسلامییه ده‌ستدرێژی سێكسی كردۆته سه‌ر ئافره‌تێكی سه‌له‌فی به‌ناوی هند عه‌یاری، كه ئێستا گۆڕاوه بۆ چالاكوانێكی ئافره‌تان و بووه‌ته كه‌سێكی عه‌لمانی و، سكاڵای له‌سه‌ر به‌نا تۆماركردووه، به‌وه‌ی كه له‌ساڵی 2010 كاتێك راوێژێكی ئاینی پێكردووه، ده‌ستدرێژی سێكسی كردۆته سه‌ری.
سكاڵای دووه‌میش له‌لایه‌ن ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 40 ساڵیه‌وه له‌سه‌ری تۆماركراوه، كه نه‌یویستووه ناوی ئاشكرا بكرێت و، به‌وه تۆمه‌تباری كردووه، كه له‌ساڵی 2009 به‌زۆر سێكسی له‌گه‌ڵدا كردووه.
تارق ره‌مه‌زان ته‌مه‌نی 55 ساڵه، مامۆستای وانه‌بێژی وانه ئیسلامییه‌كانی هاوچه‌رخه له زانكۆی ئۆكسفۆردی به‌ریتانی، هاوكات نه‌وه‌ی شێخ حه‌سه‌ن به‌نا، دامه‌زرێنه‌ری گروپی ئیخوان موسلمینی میسره.
پێشتریش چه‌ندین جار تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی خراوه‌ته پاڵ تارق ره‌مه‌زان به‌نا، له‌وانه‌ش به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا كه له 14 تشرینی دووه‌می ساڵی 2017 له‌زاری ژماره‌یه‌ك شایه‌تحاڵ بڵاویكربووهوه، دوای ته‌واوبوونی له وانه‌وتنه‌وه، به‌پاساوی پێدانی رێنمایی له‌سه‌ر وانه‌كان، كچانی قوتابی بانگهێشتی ژووره‌كه‌ی له ئوتێل ده‌كردن و دواتر ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرده سه‌ریان، وێڕای ئه‌وه‌ی ناوبراو په‌یوه‌ندی سۆزداری له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئافره‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی حه‌ره‌می زانكۆش هه‌بوو.
وه‌ك له راپۆرته‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكادا هاتبوو، به‌شێك له قوربانییانی ده‌ستی به‌نا چیرۆكی خۆیان بۆ كارۆلین فۆرست، كه نووسه‌رێكی فه‌ره‌نسییه گێڕاوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده فۆرست داوای لێكردوون سكاڵای یاسایی له‌سه‌ری تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام له‌پێناو پاراستنی سومعه‌ی خۆیان ره‌تیان كردۆته‌وه.