گرێكوێره‌ی یه‌كێتی ناكرێته‌وه‌

كاتی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دیار نییە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/aeb83f0e-2433-4be2-ab36-7d7ed4900d81/013118NDN.ism/manifest

K24 - سلێمانی

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پاش چەندین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نەگەیشتە ھیچ بڕیارێك بۆ دیاریکردنی رۆژی کۆنگرەی داھاتووی حزبەكە، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەكێتیش، مەکتەبی سیاسی ئێستای حزبەكەی بە كار بەڕێکەر ناودەبات.

رەنگە ھیچ حزبێك ھێندەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەدەست کێشە ناوخۆییەکانیەوە گیری نەخواردبێت، پاش كۆچی دوایی کەسی یەکەمی ئەو حزبەش کێشەکانی یەکێتی زیاتر پەرەی سەند، لە چەند رۆژی رابردوو دوای چەندین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە، سەركردەكانی یەكێتی نەیانتوانی بەربەستی کێشەکان ببڕن و بگەنە رێکەوتنێکی ھاوبەش بۆ دیاریکردنی رۆژێك بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرە، ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش ئەو ھەواڵانە رەتدەکاتەوە کەباس لەوە دەکەن 11 کەس دەست نیشان کرابێت بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی تا کۆنگرە.

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئەو مەكتەبی سیاسییەی ئێستای یەكێتی كاربەڕێكەرە تا كاتی بەستنی كۆنگرە، دەبێ بە ئیش و كاری خۆیان ھەڵسن تا رۆژی بەستنی كۆنگرە".

ھەرچەندە زۆرینەی کادیرو سەرکردەکانی یەكێتی کە بەستنی کۆنگرە بە باشترین چارەسەر دەزانن بۆ دۆخی یەکێتی، بەڵام ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە پێش بەستنی کۆنگرە بابەتێکی دیکە بەگرنگتر دەانێت. سالار عەزیز، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: "بەستنی كۆنگرە ئەوەندە بەلامەوە گرنگ نییە، ھێندەی ئەوەی كە ئەو برادەرانە لەنێوخۆیاندا رێكبكەون، ھەر یەكە و لای خۆیەوە ھەندێك تەنازول بكات، ھەموویان بیر لە بەرژەوەندی میللەت بكەنەوە".

بەشێک لە کادیرو لایەنگرانی ئەو حزبەش ناڕازین لە دۆخی ئێستای حزبەکەیان و بۆ بارودۆخی یەکێتیش بیرو بۆچوون و پرۆژەی نوێیان بۆ چارەسەری کێشەکان پێیە. بێستون سابوراوایی، لێپرسراوی بۆردی پێگەیاندنی کادیرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێ: "ئێمە دەمانەوێت توانا و ئەفكاری باش و گڕوتین بێتەوە ناو یەكێتی، ئەمەش خۆ نوێكردنەوەیە، ئەوە بەو مانایە نییە ئەوانی دیكە كە لەسەركردایەتی بوون دەربكرێن، بەشێكیان كە خاوەن توانا و شارەزان دەبێ لە سەركردایەتی بمێننەوە، بەڵام دەبێ بەرێژەیەكی دیاریكراو ئەندامانی نوێ بێنە پێشەوە".

لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی چەند كۆبوونەوەیەكی بۆ چارەسەری دۆخی ناوخۆی حزبەكە و بەستنی كۆنگرە ئەنجامدا، بەشێك لە سەرکردەکانی یەکێتی دووپاتیان کردەوە کە مانگی ئاداری ئەمساڵ کۆنگرەی چوارەم دەبستن، بەڵام بەھۆی ناکۆکیەکانی نێو ئەو حزبە تا ئێستا وادەی وابەستنی كۆنگرە و دەستەی بەڕێوەبردنی یەكێتی تا وادەی بەستنی كۆنگرە دیار نەكراون.

داڕشنەوە: ھ.م