14 ساڵ پێش ئێستا تیرۆر دەیان سەركردە و ھاووڵاتی كوردی كردە قوربانی

زیاتر لە 100 كەس شەھیدبوون

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ چواردە ساڵ بەسەر كارەساتی یەكی شوبات تێدەپەڕێت، كە بەھۆی تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە شاری ھەولێر زیاتر لە 100 كەس شەھیدبوون و نزیكەی  250 كەسی دیكەش برینداربوون.

وەك رێزگرتن لە شەھیدانی یەكی شوبات، ئەمڕۆ بەرپرسانی حكومی و حزبی و نوێنەری وڵاتان لە ھەولێر سەردانی مۆنۆمێنتی شەھیدانی یەكی شوباتیان كرد و تاجە گوڵینەیان لە سەر گڵكۆی شەھیدان دانا.

لە كارەساتی یەكی شوباتی 2004، زیاتر لە 100 كەس لە ھەردوو تەقینەوە خوژییەكەی بارەگای لقی 2 پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی‌ 3 ‌ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ھەولێر شەھیدبوون، لەوانە چەندین سەركردە و كادیری ھەردوو حزب و دەیان پێشمەرگە و خەڵكی‌ سڤیل، ھەروەھا ژمارەیەكی زیاتریش برینداربوون.

رۆژی‌ یەكی شوباتی ساڵی‌ 2004  لە جەژنی قوربان، 14 ساڵ بەر لە ئێستا، ئەو كاتەی كە خەڵك بە بۆنەی جەژن سەردانی یەكتریان دەكرد و بە لێبوردەیی ‌و گەردن ئازادی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان بەھێزتر دەكرد، دوو تیرۆریست لە دوو بارەگای سەرەكی دوو ھێزی سەرەكی كوردستان لە ھەولێر، حەشیمەتی ئەو خەڵكەیان كردە ئامانج كە بۆ پیرۆزباییكردنی جەژن، سەردانی لقی 2 پارتی و مەڵبەندی‌ 3 ‌ یەكێتییان كرد و لە لایەن بەرپرسانی ھەردوو پێشوازییان لێكرا، بەڵام لە كردەوەیەكی تیرۆرستی بەرنامە بۆ داڕێژراودا تەقینەوە لە ھەردوو بارەگا ئەنجامدرا.

ھەردوو تەقینەوەی ھاوكاتی یەكی شوبات لە لایەن دوو تیرۆریستی خۆكوژ ئەنجامدران، بە ھۆیەوە 101 كەس شەھیدبوون، لەوانە چەندین سەركردە و كادیری پارتی و یەكێتی و دەیان پێشمەرگە و خەڵكی‌ سڤیل.

ھێرشەكەی یەكی شوبات لە كاتیكدا بوو كە پرۆسەی یەكگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی ھەرێم دەستیپێكردبوو و پارتی و یەكێتی پاش شەڕی ئازادی عێراق لاپەرەیەكی نوێیان لە  رێكخستنی پەیوەندییەكانیان و ھەروەھا چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ھەرێم و مامەڵە لەگەڵ عێراقی نوێ ھەڵدا، ھەر وەك بەرپرسانی ھەردوولا لە چەندین بۆنەی تایبەت بە بیرھێنانەوەی ئەم رووداوە رایانگەیاند لە سەروبەندی رێكخستنی ناو ماڵی كورد، ئامانجی ئەم ھێرشە تێكدانی یەكێتی ناو ماڵی كورد بوو‌، بەڵام ئەم ھێرشە یەكهەڵوێستی ‌و یەكگوتاری‌ كوردی بەھێزتر كرد.