به ڤیدیۆ... مێژووی خولی نایابی كوردستان له رابردوو تا ئێستا
پێشتر خولی كوردستان به چهندان شێوهی جیاواز بهڕێوه چووه
مێژووی خولی نایابی کوردستان بە چەندان قۆناخدا تێپەڕیوە و تاکو ئێستا بەردەوامە، گەرچی لەوەتی ٢٠٠٦وە خولەکە بە فەرمی بەڕێوە دەچیت، بەڵام پێشتر لە ساڵی ١٩٨٩ بۆیەکەمجار یانەکانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە خولێکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و لاوانی عێراق کرد، دوای راپەرینیش تاکو نەمانی دوو ئیداریی دوو خولی جیاواز لە هەولێر و سلێمانی بەڕێوە دەچوون.
لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و لاوانی عێراق بۆیەکەمجار خولێک بۆ یانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و خولەکە تەنیا وەرزێکی خایاند.
دواتر دوای راپەڕین لە سلێمانی ساڵی ١٩٩٢ لێژنەی باڵای وەرزش لە سلێمانی دامەزرا و خولی کوردستانی بۆ چەند یانەیەک کردەوە، بەڵام دوو وەرز خولەکە بەڕێوەچوو و بەهۆی کوژرانی کەسێک دووەمین وەرزی خولەکە تەواو نەکرا.
ساڵی ١٩٩٥ لێژنەی ئۆڵمپی وەرزش لە سلێمانی دامەزرا و تاکو ٢٠٠٦ خولی بۆ یانەکانی ئیدارەی سلێمانی دەکردەوە.
لە ئیدارەی هەولێریش ساڵی ٢٠٠٣ ئەنجوومەنی باڵای وەرزش دامەزرا و تاکو ٢٠٠٦ خولی بۆ یانەکانی ئیدارەی هەولێر دەکردەوە.
بەڵام لە ٢٠٠٦ دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارە، بۆیەکەمجار خولی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان بە بەشداریی ٣٢ یانە بەڕێوەچوو.
وەرزێک دواتر، وەرزی ٢٠٠٧/٢٠٠٨ بە شێوازی خول بەڕێوەچوو و ١٦ یانە رکابەرییان لەسەر نازناوی خولەکە دەکرد.
خولەکە بە شێوازی خول بەردەوام بوو، تاکو لە ٢٠١٥/٢٠١٦ بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە خولەکە بە شێوازی کۆمەڵە بەڕێوەچوو و دوو وەرز لەسەر یەک بەم شێوازە بەردەوام بوو.