عه‌بادی دارێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه هه‌ردوو سه‌ری به‌ئاگره
ئه‌گه‌ر عه‌بادی مافی كورد بدات جه‌ماوه‌ری شیعه له‌ده‌ست ده‌دات ئه‌گه‌ریش ئه‌و مافه‌ی كورد پێشێل بكات سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتی تێ ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی عه‌بادی پشكی كوردستانی له بودجه‌ی عێراق كه‌مكرده‌وه و هیچ بایهخێكیشی به ناوچه سونیه‌كان نه‌دا، ئیستا ئه‌و بابه‌ته بۆته سه‌ر ئیشه بۆی، چونكه له‌لایه‌ك فشاری نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی بۆ زیادكردنی پشكی كوردستان و ناوچه سونیه‌كان له‌سه‌ر عه‌بادی چڕ كراونه‌ته‌وه، له به‌رامبه‌ریشدا لایه‌نه شیعیه‌كان دژی زیادكردنی پشكی كوردستانن، ئه‌مڕۆش بڕیاره حه‌یده‌ر عه‌بادی به كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه سوونی و كوردستانییه‌كان، ئه‌و بابه‌ته یه‌كلایی بكاته‌وه.
عه‌بادی كه پشكی هه‌رێمی كوردستانی له بودجه‌ی فیدراڵی بۆ 12.6% كه‌مكرده‌وه، و پشكی بودجه‌ی ناوچه سوونییهكانیشی زیاد نه‌كرد كه به‌هۆی جه‌نگی داعشه‌وه وێرانبوون، ئێستا ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ئه‌و مافانه بۆ كورد و سونه بگێڕێتهوهش، لایه‌نه شیعیه‌كان لێی قبوڵ ناكه‌ن. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌سكه‌نده‌ر وتوت، پارله‌مانتاری عێراق له فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاندووه، له‌كاتێكدا پارێزگاكانی باشووری عێراق وه‌كو به‌سره و دیوانیه و موسه‌ننا و بابل له‌و په‌ری ههژارییدان، كه‌چی عه‌بادی نیازی هه‌یه پشكی كورد له بودجه زیاد بكات.
وتوت گوتیشی، حه‌یده‌ر عه‌بادی موجامه‌له‌ی لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌كات و، نایه‌وێت قه‌یرانێكی دیكه‌ی سیاسی له عێراق دروستببێت.
له‌كاتێكدا زۆربه‌ی لایه‌نه شیعه‌كان له‌دژی زیادكردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه فشاری ده‌ره‌كه‌ی پێچه‌وانه له‌سه‌ر عه‌بادی هه‌ن، له‌وانه‌ش، فشاره‌كانی سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌ندێك وڵاتی ئه‌وروپی، كه به ئاشكرا به به‌غدایان راگه‌یاندووه ئه‌گه‌ر كورد ناڕازیبێت، قه‌رز و هاوكارییه‌كانیان بۆ عێراق ده‌بڕن.
به‌مه‌ش له نێوان گوشاری شیعه‌كان دژی زیادكردنی پشكی كوردستان له بودجه و گوشاری نێوده‌وڵه‌تی و كوردستانی بۆ زیادكردنی ئه‌و بودجه‌یه، عه‌بادی كه‌وتۆته دۆخێك كه دارێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه هه‌ردوو سه‌ره‌كه‌ی به‌ئاگره، زیانی پێ ده‌گات، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت، سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی نوێ له داكه‌وتنی پێگه و هێزی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستپێبكات.