په‌رله‌مانتارێكی كورد بۆ كوردستان 24: عه‌بادی هیچ نیازێكی نییه بۆ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم
رێناس جانۆ: مه‌به‌ستی عه‌بادی له ناردنی لێژنه‌كانی وردبینی له لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ته‌نیا بۆ كات به‌فیڕۆدانه
K24- هه‌ولێر:
رێناس جانۆ، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به كوردستان 24ی راگه‌یاند، عه‌بادی به‌و پاساو و به‌هانانه‌ی باسی لێوه ده‌كات و ئه‌و رێككارانه‌ی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان به‌كاری ده‌هێنێت، ته‌نیا ده‌یه‌وێت كات به‌فیڕۆ بدات و، هیچ نیازێكی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نییه، چونكه ئه‌و كێشانه‌ی كه باسی لێوه ده‌كات، ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستان نین، به‌ڵكو ئه‌و گرفتانه سه‌رانسه‌ری عێراقیان ته‌نیوه.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئه‌و لێژنانه‌ی كه بۆ وردبینیكردن له لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه ره‌وانه كراون، رێناس جانۆ گوتی، هیچ مه‌به‌ستێكی ئیداری له‌و رێوشوێنانه‌دا نییه كه ئێستا به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان گیراونه‌ته به‌ر، به‌ڵكو مه‌به‌ست و ئامانجه‌كان سیاسین و، تائێستاش ئه‌و لێژنانه وه‌ك پێویست ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ نه‌كردووه و ته‌نیا ده‌یانه‌وێ كاته‌كه درێژ بكه‌نه‌وه.
سه‌باره‌ت به‌و گه‌مارۆیانه‌ش كه به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی داناوه به‌تایبه‌ت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و دۆسیه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده دووپاتیكرده‌وه، هیچ ئومێدێك نییه، كه به‌م زووانه به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت و گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ڵگرێت، چونكه له كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، هیچ به‌ڵێنێك به كورد نه‌دراوه.