مووچەی فەرمانبەران و بودجەی ھەرێمی كوردستان لێك جیا دەكرێنەوە
"ھەندێك پەرلەمانتار راستیەكە بەشێوەیەكی دیكە دەگوازنەوە كوردستان"
K24 - بەغدا
رێبوار تەھا، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێستا پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق و مووچەی فەرمانبەران كراوە بە دوو مەلەف، جیاكردنەوەی بودجە و مووچەی ھەرێمی كوردستان لەیەكتر خۆسەپاندنی حكومەتی عێراقە بەسەر ھەرێمی كوردستان، پێویستە ھەرێمی كوردستان راشكاوانە لەگەڵ عێراق قسە بكات، كە ئەمە دەست تێوەردانە لە كاروباری ھەرێم".
لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، گوتی: "بەداخەوە ھەندێك پەرلەمانتاری خۆمان راستیەكە بەشێوەیەكی دیكە دەگوازنەوە كوردستان، تائێستا ھیچ بڕە پارەیەك بۆ مووچە نەنێردراوەتە ھەرێمی كوردستان، ھەندێك پارە لە بەغداوە نێردراوەتە لقی بانكێكی عێراق لە ھەولێر، بەڵام نەگوتراوە بۆچییە و نەچووەتە سەر حیسابی ھەرێمی كوردستان".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ عەبادی پێمان گوتووە، بۆچی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی ھەرێم نادرێت؟، بەراشكاوانە پێی گوتین، ئەوەی كراوە وردبینی یەكەمە و چاوەڕێی وردبینی دووەم دەكەم، دەبێ راپۆرتی دووەمی لیژنەكە بگاتەوە دەستم، دوای ئەوە پارەكە خەرج دەكەین، كە بە بڕوای من پاساوەكە قەناعەت پێكراو نییە، چونكە ھیچ رێگر نییە لەبەرامبەر وردبینییەكە، من پێموایە ئەوە كات بەسەربردنە، دەبێ ھەرێمی كوردستانیش ئەمە بزانە".
ئەوەشی خستەڕوو: "یەك ھەڵوێستی و یەكگرتووی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا بۆ داكۆكی كردن لە مافەكانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەستكەوتێكی گرنگە، ھەموو فراكسیۆنەكان پێكەوە داواكانی ھەرێمی كوردستانمان خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، یەكھەڵوێستی خۆمان دەپارێزین، ئەگەر داواكانمان جێبەجێ نەكرێن، بەشداری ئەو كۆبوونەوانەی پەرلەمانی عێراق ناكەین كە تایبەتە بە بودجەی عێراق".