به ڤیدیۆ.. دانیلۆ به مووشه‌كێك گۆڵی كرد، به‌ڵام گواردیۆلای دڵخۆش نه‌كرد
سه‌ركه‌وتنه‌كانی مانچێسته‌ر سیتی وه‌ستا

له گه‌ڕی 26ـی خولی نایابی ئینگلیزی، یانه‌ی بێرنلی له كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه سه‌ركه‌وتنه‌كانی مانچێسته‌ر سیتی راگرت.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 3 شووباتی 2018، یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بووه میوانی یانه‌ی بێرنلی، یارییه‌كه‌ش به یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
دانیلۆ لویزی به‌رازیلی له خوله‌كی 22 به لێدانێكی مووشه‌كی گۆڵی پێشكه‌وتنی یانه‌ی مان سیتی تۆمار كرد، دواتر له گێمی دووه‌م یوهاین بێرگی ئایسله‌ندی ئه‌نجامه‌كه‌ی له خوله‌كی 82 بۆ یانه‌ی بێرنلی یه‌كسان كرده‌وه.
تیپه‌كه‌ی گواردیۆلا له قۆناخی یه‌كه‌م به 3 گۆڵی بێوه‌ڵام شكستی به‌و یانه‌یه هێنا، به‌ڵام له‌م یارییه‌دا، له جیاتی ئاهه‌نگ یاریزانانی مان سیتی به نیگه‌رانی یاریگه‌یان جێهێشت.
یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی له كۆی 26 یاری ئه‌م وه‌رزه، 22 سه‌ركه‌وتن، 3 یه‌كسانبوون و 1 شكستی هه‌یه و به 69 خاڵ له لوتكه‌ی خوله‌كه مایه‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی بێرنلی به 36 خاڵ خانه‌ی حه‌وته‌م جێگیر بوو.