به‌ڤیدیۆ.. ئۆپۆزسیۆنی سووریا فڕۆكه‌یه‌كی رووسی له‌شاری ئیدلب خسته‌ خواره‌وه‌

فڕۆكه‌وانه‌كه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و گه‌ڕان به‌دوایدا به‌رده‌وامه‌

K24- هه‌ولێر:

سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌و گروپانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كه‌ به‌ سوپای سووریا ئازاد ده‌ناسرێن و له‌لایه‌ن توركیاوه‌ پشتگیری ده‌كرێن، خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی رووسی له‌ شاری ئیدلبی باكووری رۆژئاوای سووریا راگه‌یاند.

ئه‌و سه‌ركرده‌ چه‌كدارییه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كه‌ نه‌یوسیت ئاماژه‌ به‌ناوی بكرێت، به‌ ئاژانسی "دی پی ئه‌ی" ئه‌ڵمانی راگه‌یاندووه‌، "فڕۆكه‌ رووسییه‌كه‌ له‌ جۆری سوخۆی 25ـه‌ و به‌ چه‌كی دژه‌ تانكه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ باكووری ناوچه‌ی معه‌ڕه‌تول نوعمان خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌ و، تائێستاش گه‌ڕان به‌دوای كاپتنی فڕۆكه‌كه‌دا به‌رده‌وامه‌".

له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییشدا كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی تایبه‌تی تویته‌ر به‌ناوی "Syrian Civil War Map‏" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، وێنه‌ی پێكاندنی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ نیشان ده‌دات، هه‌رچه‌نده‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كرێت، دوای تێكشكانی فڕۆكه‌كه‌، فڕۆكه‌وانه‌ رووسییه‌كه‌ خۆی به‌ په‌ره‌شووت هه‌ڵداوه‌ته‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام تائێستا چاره‌نووسی دیار نییه‌ و، گه‌ڕان به‌دوایدا به‌رده‌وامه‌.