"شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن"
گەشبینییهكان بۆ چارهسهری شێرپهنجه زیاترن
K24 - ھەولێر
رۆژی 4 شوباتی ھەموو ساڵێك بە رۆژی جیھانی شێرپهنجه دەست نیشان كراوە بۆ زیاتر ھۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگه و ھاندانی زیاتری زانستی پزیشكی لەم بوارەدا، لە ھەرێمی كوردستانیش چەندین سەنتەری تایبەت بەم نەخۆشییە ھەن و وەك بەرێوبەری یەكێك لە نەخۆشخانەكان لە ھەولێر باس لهوه دهكات پێداویستیە پزیشكییەكان بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر باشترە و ئاستی ھیوا و گەشبینی نەخۆشەكان سەبارەت بە نەخۆشییەكەیان زۆر بەرزتر بووەتەوە.
شێرپەنجە ئەو نەخۆشییەی ههر به بیستنی ناوەكەی ترس لای مرۆڤ دروست دەكات، ههرچهنده چارەسەری نهخۆشییهكه بهپێی جۆر شێرپهنجهییهكه و رێژهی تووشبوونهكهی دهگۆڕێت، لەم چەند ساڵەی رابردووشدا بههۆی پێشكەوتنی زانستی رێژەی مردن بههۆی شێرپهنجهوه زۆر كەمتر بووەتەوە، ههر ئهمهش وایكردووه نهخۆشخانهی تایبهت به چارهسهركردنی تووشبووانی بكرێنهوه، نەخۆشخانەی نانەكەلی یهكێكه لهو نهخۆشخانه تایبەتانه بە نەخۆشییە خوێنییەكان بە تایبەتی ھەموو جۆرە شێرپەنجەیەك بە دابین كردنی ئەو پێداویستیانەی توانیویانە لە ساڵی 2004 ـەوە چارەسەری پزیشكی بەشێك لە نەخۆشەكان بكەن، بە گوێرەی ئامارەكانیش رێژەی مردن بەراورد بە ساڵی 2005 زۆر كەمیكردوە بە جۆرێك لە 25% رێژەكە بۆ 4% كهم بووەتهوه.
سامی ئەحمەد، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئامێر و پێداویستیەكانی نەخۆشی شێرپەنجە زۆربەی دابینكراوە، ئەگەر ئێستا بەراورد بكەین بە ساڵی 2005، 25% رێژەكە بۆ 4% كهم بووەتهوه، ئەمەش رێژەیەكی دڵخۆشكەرە، چونكە ئەو نەخۆشەی دێتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر دێت نەك بۆ مردن".
وەك پزیشكەكان باسی دەكەن شێرپەنجە ئەو نەخۆشیە نییە كە چارەسەر نەكرێ وه به گوێرهی ئامارهكان لە جیھاندا چەندین ملیۆن كەس تووشبووی نهخۆشی شێرپەنجەن و له ژیانیش بەردەوامن. ئەم نەخۆشیە 100 جۆری ھەیە، بەپێی ئامارەكان زۆرترین تووشبووانی له جۆری خوێنە كە تۆمار كرابێ و لە كوردستانیش لە پیاوان رێژەی شێرپەنجەی سییەكان و لە ژنانیش شێر پەنجەی مەمك زیاترە، وەك پزیشكەكان ئاماژەی بۆ دەكەن ورەی بەرز و گەش بینی لە نەخۆش یەكەم رێگایە بۆ چارەسەر كردنی نەخۆشیەكە.
پەیمان عەلی ئیحسان، پسپۆری نەخۆشییەكان خوێن دەڵێت: "پابەندبوون بە سەردانی پزیشك و وەرگرتن و بەكارھێنانی دەرمانەكان لە كاتی خۆی و خواردنی تەندروست، بەتایبەتی ئەو خواردنانەی كە مادەی بەرگریان تێدایە، ھەروەھا ئیرادە و گەشبینی كاریگەری زۆری ھەیە بۆ چاك بوونی نەخۆشییەكە".
نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی، یەكێكی دیكە لەو نەخۆشخانانەی بووەتە جێگایەك بۆ دروست بوونەوەی ھیوای ژیان بۆ زۆرێك لەو کەسانەی ئهم نهخۆشیه دهبن، ئەوەی تێبینی دەکرێت تەنیا خهڵكی سلێمانی سەردانی ئەم نەخۆشخانە ناکەن، بەڵکو لە شارو شارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت پارێزگاکانی عێراقیش سەردانی دەکەن، تووشبوانی شێرپەنجە رازین لە شێوازی مامەڵە و چارەسەرکردنیان لەم نەخۆشخانەیە.
گۆران شەریف، باوکی منداڵێکی تووشبوی شێرپەنجەیە، ئەو خهمبارییهوه باس لە بارودۆخی کوڕەکەی دەکات کە پێنج مانگە تووشی ئەو نەخۆشیە بووە و دەڵێت: "ئەو نەخۆشیە فەزاحەتی زۆرە بەتایبەتی لەكاتی لێدانی دەرزییە كیمیاییەكان، كە سیستمی بەرگری لەشی تێكدەچێت".
یەكێكی دیكە لە توشبووی شێرپەنجە بەناوی ئەحمەد تاھیر، گوتی: "یەكەم جار زۆر ھیلاك بووم، بەڵام دوای بە بەكارھێنانی تیشك و دەرمانەكان، ئێستا تەندروستیم زۆرباشترە".
شێوازی پشكنین و چارەسەری نەخۆشیەکە بهراورد به ساڵانی رابردوو جیاوازە، چارەسەری نەخۆشییەکەش ئێستا بەتیشک دەستیپێکردووە، پزیشکێکی نەخۆشخانەکەش بە خۆشحاڵییەوە باس لەوە دەکات کە ھاوکاریکردنی نەخۆشخانەکە بووە بەکلتوورو ئێستا شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن.
محهممهد عهبدولوەھاب، پسپۆڕی گشتی و تەندروستی خۆراک لە نەخۆشخانەی ھیوا بە كوردستان24 راگەیاند: "چەند ساڵێك لەمەوپێش شێرپەنجە بە مانای مردن بوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا زانست زۆر پێشكەوتووە، بۆیە ئێستا دەتوانین بڵێین شێرپەنجە یەكسان نییە بە مردن.