"نێچیرڤان بارزانی بۆ رێككەوتن دەچێتەوە بەغدا"

"كۆبوونەوەكان تەواوكەری گفتوگۆكانی پێشتر دەبن"

K24 - بەغدا

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات، بەمنزیكانە سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و سەردانی ئەمجارەیان بۆ بەغدا رێككەوتنی لێدەكەوێتەوە.

عەباس بەیاتی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "زانیاری ئەوە ھەیە كە بەمنزیكانە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكاتەوە، پێشتریش گفتوگۆ لەنێوان عەبادی و نێچیرڤان بارزانی، ئەنجامدراوە، گفتوگۆكان راستگۆیانە و بنیاتنەربوون".

گوتیشی: "سەردانی داھاتووی نێچیرڤان بارزانی، بۆ بەغدا رێككەوتن و لێك تێگەیشتنی لێدەكەوێتەوە سەبارەت بەو كێشانەی لەنێوان ھەولێر و بەغدادا ھەن، وەك بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان و مووچەی فەرمانبەران".

بەیاتی، ئاماژەی بەوەشدا: "چاوەڕێ دەكەین ئەو لیژنانەی لە ھەرێمی كوردستان وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران دەكەن بگەن بە رێككەوتنی خێرا".

روونیكردەوە: "سەردانی داھاتووی نێچیرڤان بارزانی، بۆ بەغدا زیاتر بۆ تەواوكردنی ئەو گفتوگۆیانەیە كە لە رابردوودا لە دوو كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدراون، ئێستا ئەو بەربەستە نەماون كە لەسەر یەك مێز كۆببنەوە، بۆیە دەبێ ھەوڵبدەین كە دەست بە چارەسەركردنی كێشەكان بكەین، بەتایبەتی ئەوانەی پێویستە پەلە بكرێت لە چارەسەركردنیان وەك فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان".