لەبارەی چەكدارانی داعش لە سنووری گەرمیان دڵنیایی دەدرێت

ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە

K24 - گەرمیان

بوونی ژمارەیەك چەكداری پاشماوەی داعش لە ناوچە سنوورییەكانی گەرمیان، ترس و دڵەڕاوكێی لای ھاووڵاتیان دروستكردووە، ھێزەكانی عێراق پلانی ھێرشكردنە سەر ئەو گرووپەیان داڕشتووە و ھێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدان.

پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "ژمارەیەك چەكدار كە پاشماوەی داعشن لە چیای غەرە ھەن، پێیان دەگوترێت (چەكدارە ئاڵا سپییەكان)، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی لای ھاووڵاتیانی ناوچەكە دروستكردووە، ھێزەكانی عێراقیش بۆ ھێرشكردنە سەر ئەو چەكدارانە كاتژمێر سفریان دیاركردووە".

گوتیشی: "دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە لە كاتی ھێرشكردنە سەر ئەو چەكدارانە، ئەگەری ئەوە ھەیە چەكدارەكانی پاشماوەی داعش دزە بكەنە ناو كفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ئەو دەنگۆیە ترسی خستووەتە دڵی ھاووڵاتیانی ناوچەكە".

جەلال نوری، قایمقامی كفری بە كوردستان24 گوت: "دڵنیای دەدەینە خەڵكی كفری و دەوروبەری، دەزگا ئەمنییەكان و پێشمەرگە ئامادەكاری باشیان كردووە، بۆ ھەر ئەگەرێك لەكاتی ھێرشكردنە سەر ئەو چەكدارانە".

چیای غەرە دەكەوێتە نێوان كفری و دووز خورماتوو، ناوچەیەكی سەختە، بۆیە ئەو چەكدارانە تونیوایانە تا ئێستا خۆیان لەوێ حەشار بدەن.