له سلێمانى مامۆستايانى ناڕازى هانا بۆ نووسينگهى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌به‌ن
بەغدا نییەتی جدی نییە بۆ ناردنی مووچەی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، بۆیە دەستی دەستی دەکات و دەیەوێت تا دوای ھەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق كات به‌ڕێ بكات
K24 – هه‌ولێر:
لەبەرامبەر پێنەدانی مووچە، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی دوای بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن، خوپیشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ به‌رده‌م نووسینگەی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و داوایان کرد، ئیتر بەغدا بەڵێنەکانی بکاتە کردار و چیتر دەستی دەستی بەمامۆستایان نەکات، بەوپێيەی بارودۆخی ژیانی مامۆستایان لە ئەوپەڕی خراپیدایە.
بەھۆی دواکەوتنی مووچەوە ھەفتەیەکە زەنگی بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن لەسنورى سلێمانى لێدراوە، مامۆستا بەشداربووەکانی خۆپیشاندانەکەش سووربوونی خۆیان پیشاندا لەوەی درێژە بە بایکۆت دەدەن تا ئەو کاتەی مووچەیان بێ پاشه‌کەوت پێدەدرێت.
له به‌رامبه‌ردا، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش له نووسينگهى سلێمانى، بەڵێنیان بە مامۆستایان دا کاری جدی لەسەر داواكارییەکانيان بکەن، نەشیان شاردەوە، بەغدا نییەتی جدی نییە بۆ ناردنی مووچەی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، بۆیە دەستی دەستی دەکات و دەیەوێت تا دوای ھەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق كات به‌ڕێ بكات.
پاش چەندین کۆبوونەوەی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ پرۆژه ياساى بودجەی ساڵی 2018، به‌ڵام هێشتا نه‌توانراوه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌كه بكرێـت، لەدوایین كۆبوونه‌وه‌ش بە ھۆی ناڕەزایی کوتلە کوردييه‌كان لە سه‌ر ناوه‌ڕۆكی پڕۆژە یاساکە و به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌كه دواخرا و بڕیارە یەکشەمەی داھاتوو ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌و پرسه يه‌كلا بكاته‌وه.