به‌ڤیدیۆ .. بۆ یه‌كه‌م جار فڕۆكه‌ی نه‌فه‌رهه‌ڵگری بێ فڕۆكه‌وان به‌سه‌ركه‌وتوویی تاقیكرایه‌وه
خێرایی ئه‌و فڕۆكه‌یه ده‌گاته "100كم" له كاتژمێرێكدا و به وزه‌ی كاره‌با كار ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
چین توانی له تاقیكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م فڕۆكه‌ی نه‌فه‌رهه‌ڵگری بێ فڕۆكه‌وان له‌سه‌ر ئاستی جیهان سه‌ركه‌وتوو بێت، كه ئه‌و فڕۆكه‌یه ده‌توانێت گه‌شتیاران به‌بێ فڕۆكه‌وان بگوازێته‌وه.
به‌گوێره‌ی تۆڕی "ئه‌ی بی سی" ئه‌مه‌ریكی، بیرۆكه‌ی دیزاینكردنی فڕۆكه‌ی نه‌فه‌رهه‌ڵگری بێ فڕۆكه‌وان بیرۆكه‌یه‌كی شێتانه بوو، كه دواجار توانرا یه‌كه‌م فڕۆكه‌ی له‌م جۆره له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆ گواستنه‌وه‌ی گه‌شتیاران به‌رهه‌م بهێنرێت.

یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی فڕین و گواستنه‌وه‌ی نه‌فه‌ر، دوێنێ له كه‌رتی "گوانگدۆنگ"ی باشووری چین ئه‌نجامدرا. وه‌ك "ئه‌ی بی سی" ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، "فڕۆكه نوێیه‌كه‌ی چین له جۆری "ئیهانگ -184"ـه و، ته‌نیا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر گه‌شتیاران پێویسته له‌كاتی گواستنه‌وه‌دا بیكه‌ن، ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت له‌سه‌ر كورسی خۆیان دانیشن و پشتێنه‌ی سه‌لامه‌تی ببه‌ستن، به‌ر له‌وه‌ی فڕۆكه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیك ده‌ست به فڕین بكات".
ئه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه نوێیه له فڕۆكه‌كانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و ئه‌ركانه جێبه‌جێ بكات كه گه‌شتیار له گه‌شته‌كه‌یدا پێویستی پێیه، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌سازی ده‌كات بۆئه‌وه‌ی بۆ مه‌به‌سته گشتییه‌كان به‌كار بهێندرێت.
هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و پێگه ئه‌مه‌ریكییه "به‌م تاقیكردنه‌وه‌یه ئه‌و دیمه‌نه خه‌یاڵی و ئه‌ندێشه‌ییه زانستیانه‌ی له فیلمه سینه‌ماییه‌كان ده‌یانبینین، خه‌ریكه له ژیانی گشتیدا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه خۆیان ده‌نوێنن".
Hello future! World's first passenger drone EHANG 184 has achieved a series of manned flight tests in South China's Guangzhou on Feb 6. The company's CEO tells his personal experience. pic.twitter.com/FWoC5pONc5
— Global Times (@globaltimesnews) February 6, 2018
ئه‌و فرۆكه‌یه‌ی چین به وزه‌ی كاره‌با كار ده‌كات و، ده‌توانێت كه‌سێك بگوازێته‌وه كه كێشه‌كه‌ی بگاته 100 كیلۆگرام و بۆماوه‌ی 23 خولهك له فڕین به‌رده‌وام بێت، به خێرایی 100 كیلۆمه‌تر له‌كاتژمێرێكدا.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و تۆڕه ئه‌مه‌ریكییه، تێچووی ئه‌و فڕۆكه‌یه له‌نێوان 253 تا 300 هه‌زار دۆلاره.