مێژوونووسان: هه‌شتى شوبات شومترين رۆژى مێژووى عێراقه‌

55 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا حه‌ره‌س قه‌ومييه‌كان و ئێستاش حه‌شدى شه‌عبى هه‌مان سياسه‌تى كوشتن و سوتاندن و له‌ناوبردنى كورد جێبه‌جێ ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

55 ساڵ لەمەوبەر بەعسییەکان یەکەمین کودەتای خۆیان بەسەر عەبدولكەریم قاسمدا ئەنجامدا و دەسەڵاتیان گرتەدەست، حوکمڕانی بەعس بۆ خەڵکی عێراق بە گشتی و کورد بە تایبەتی رۆژانێکی رەش بوون کەچی بەعس تەواوبوو  و رۆژە رەشەکانی کورد بە دەست عەقڵیەتی بەعسەوە تا ئێستاش بەردەوامە.

55 ساڵ بەر لە ئێستا و لە 8ی شوباتی ساڵی 1963 دا ، بەعسیەكان یەكەمین كودەتای سەربازیی خۆیان بەسەر حوكمی عەبدولكەریم قاسمدا كرد و ئەمە بووە یەكەم تاقیكردنەوەی بەعسیەكان لە ناو دەسەڵاتی عێراقدا.

ھەرچەندە ماوەی دەسەڵاتی یەكەمی بەعسيیەكان لە عێراقدا كەمتر لەساڵێكی خایاند و لە 18ی نۆڤێمبەری ھەمان ساڵدا كۆتایی بەحوكمیان ھێنرا، بەڵام بە لای بەشێك لە مێژوونووس و كۆمەڵناسانی عێراقەوە ھەتا ئەم كاتە، ساڵی ئەم كودەتایە واتە ساڵی 1963 خراپترین ساڵەكانی مێژووی عێراق بووە بەتایبەتی كاتێك بەعسيیەكان میلیشیایەكی چەكداریان بەناوی حەرەس قەومی بۆ خۆیان درووستكرد و دەستیان كرد بە توندوتیژی و غافڵكوژی و ئەشكەنجەدان و لەسێدارەدانی نەیارانی خۆیان لە گۆڕەپان و شوێنە گشتیەكاندا و دانانی دادگای كارتۆنی و نایاسایی و بەندیخانەی تایبەت بە خۆیان و ئینجا دزی و تاڵانی ماڵ و سامانی خەڵك، لەبەرامبەر كوردیشدا بە ھۆی بیری شۆڤێنیانەی خۆیان ھەڵمەتەكانی جێبەجێكردنی تەعریبیان دەستپێكردو لە گرتن و كوشتنی كوردیش ئەوەندەی پێیان كرا كردیان، ئێستاش لای كورد ئەم ساڵە بەساڵی حەرەس قەومیەكان ناسراوە و وەك ساڵ و مێژوویەكی ڕەش و شووم سەیری دەكەن.  

 سەرەڕای تێپەڕبوونی 55 ساڵ بەسەر ئەو كودەتایەدا و گۆڕینی دەموچاوو كەسانی حاكم لە عێراقدا بەڵام ھێشتا بەھەمان عەقڵ سەیری كورد و مافە دەستووریەكانی دەكرێت. ھەرچەندە كورد لە بەعس و حەرەس قەومیەكانیان رزگاری بووە بەڵام لە ھەمان عەقڵی 55 ساڵ بەر لە ئێستا رزگاری نەبووە، ئەوەتا لەم سەردەمەشدا لە جیاتی میلیشیا چەكدارەكانی حەرەس قەومیەكانی بەعس، میلیشیا چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كورد دەكوژن و ئاوارە دەكەن و دەڕفێنن. ماڵ و موڵكیان تاڵان دەكەن و دەسووتێنن. ئەو سەردەمە لە حامیەكەی سلێمانی و ئێستا لە خورماتوو و كەركووك. لەجیاتی زەعیم سدیقی ئەوسەردەمە ئێستا دەیان زەعیم سدیق لەبەرامبەر كورددا رۆژانە ھەمان ئەو پێشێلكاریانە دەكەن كە 55 ساڵ بەر لە ئێستا حەرەس قەومیيەكانی بەعس دەیانكرد.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6d317cc9-6454-40ce-915b-df623b4be66d/020818RXQ.ism/manifest