وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: لە راھێنانی پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەمان بە دەستھێنا

"دەمانەوێت سەقامگیری لە عێراق بچەسپێنین"

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ھەولێر، ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕی لە دژی داعش کرد و لە مەشق و راھێنانی پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەمان بەدەستھێناوە.

گوتیشی: "ئێمە زیاتر لە سێ ساڵی سەختمان لێرە بە یەكەوە بردەسەر، ئەمڕۆ لە نزیكەوە بینیم كە لەبواری مەشق و راھێنانی سەربازی بە پێشمەرگە سەركەوتنێكی گەورەمان بە دەست ھێناوە، سەربازەكانمان ھەمیشە باسی ئەوەمان بۆ دەكەن كە لەكاتی راھێناندا ھێزەكانی پێشمەرگە ھەم ویست و ئارەزووی زۆریان ھەیە و ھەمیش ئازایەتی و قارەمانیەتیان دەردەكەوێت".

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، لەبارەی رۆڵی ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش گوتی: "ھێزی پێشمەرگە و ھێزەكانی دیكەی عێراق توانیان بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بەسەر ھێزەكانی داعش سەركەون".

ئەوەشی خستەڕوو: "سەركەوتنی سەربازی بەسەرداعشدا مانای ئارامی و سەقامگیری وڵاتەكە ناگەیەنێت، ئێستا دەچینە قۆناخێكی دیكە كە قۆناخی راگوزەرەم دەمانەوێت ئەوەی بە دەستھاتووە پارێزگاری لێ بكەین و سەقامگیری بچەسپێنین، ئەمەش پێویستی بە راوێژكاری و ریفۆرم ھەیە".

ئەمڕۆ وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا پرۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئیمرجێنسی پێشمه‌رگه‌ی و سه‌ربازگه‌ی میره‌ی لە ھەولێر به‌سه‌ركردەوە.