"تۆتێنهام بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگ به‌ربژێر ده‌كرێت"
توانای جه‌سته‌یی یاریزانانی تۆتێنهام هه‌مووانی ترساندووه
ئه‌ستێره‌یه‌كی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلاند، یانه‌ی تۆتێنهام بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوی چامپیۆنزلیگی ئه‌م وه‌رزه به‌ربژێر ده‌كات، ده‌شڵێت: توانای جه‌سته‌یی یاریزانانی تۆتێنهام زۆر به‌رزه و ده‌توانن ببنه پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه.
جه‌یم رێدناپ، هێرشبه‌ری پێشووی یانه‌ی لیڤه‌رپوول و هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلاند، له میانه‌ی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی (سكای سپۆرتس) گوتی: له یارییه‌كه‌ی تۆتێنهام به‌رامبه‌ر یوڤێنتۆس ده‌ركه‌وت كه ئه‌و یانه له‌نده‌نییه ده‌توانێت بگاته قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ و نازناوه‌كه‌ش بباته‌وه.
ریدناپی ته‌مه‌ن 44 ساڵ پێشتر بۆ ماوه‌ی 3 وه‌رز یاری بۆ یانه‌ی تۆتێنهام كردووه، ده‌شڵێت: له ده‌ستپێكی ئه‌م وه‌رزه هه‌مووان له‌وباوه‌ڕه بوون كه تۆتێنهام ده‌توانێت ماملانێی ناسناوه‌كان بكات، چونكه هه‌مووان ده‌زانن ئه‌و یانه‌یه خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزن، هه‌ڵبه‌ت جیاوازی خاڵه‌كانی تۆتێنهام له پرێمه‌رلیگ له‌گه‌ڵ مان سیتی پێشه‌نگ هیچ نیگه‌رانییه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و یانه‌یه دروست ناكات.
یانه‌ی تۆتێنهام ئه‌م وه‌رزه له چامپیۆنزلیگ پێشه‌نگی له ریال مه‌درید وه‌رگرت و به یه‌كه‌می گرووپه‌كه‌ی بۆ قۆناخی 16 سه‌ركه‌وت، له‌م قۆناخه‌ش له نێو یاریگه‌ی یوڤێنتۆس یارییه‌كه‌ی به 2 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان ته‌واو كرد.