له‌ناو 250 سه‌ر داعشدا سه‌ربڕه‌كه‌ دۆزرایه‌وه‌

پێشتر ژماره‌یه‌كی زۆری نه‌یاره‌كانیان له‌ سێداره‌داوه‌و سه‌ربڕیوه‌

K24 - هه‌ولێر

له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعشدا كه‌ له‌ پارێزگای ئیدلب خۆیان راده‌ستی گرووپه‌ چه‌كداره‌ ئیسلامییه‌كانی دیكه‌ كرد، سوورییه‌كان ده‌ستیان به‌ گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و چه‌كدارانه‌ی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌دا كرد كه‌ تاوانیان ئه‌نجامداوه‌و خه‌ڵكیان كوشتووه‌و سه‌ربڕیوه‌ و وێنه‌كانیان به‌راورد كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیاندۆزنه‌وه‌و نه‌هێڵن به‌ئاسانی ده‌ربازبن.

له‌نێوان 250 چه‌كداری گه‌مارۆدراوی داعش كه‌ له‌ ناوچه‌ی ئه‌لخه‌وه‌ین له‌ باشووری پارێزگای ئیدلب ناچار بوون خۆیان راده‌ست بكه‌ن، وێنه‌ی یه‌كێكیان دیاریكراوه‌ كه‌ پێشتر له‌ ڤیدیۆ و وێنه‌ بڵاوكراوه‌كانی رێكخراوی داعشدا ده‌ركه‌وتووه‌ و‌ ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ رژێمی سووریا سه‌رده‌بڕێ و له‌ سێداره‌یان ده‌دات.

به‌گوێره‌ی ڤیدیۆیه‌ك، یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان له‌ ته‌نیشت دوو چه‌كداری دیكه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و سه‌ری 3 ئه‌ندامی سه‌ر به‌ رژێمی سووریا ده‌بڕێ، پاش ئه‌وه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی فڕۆكه‌خانه‌ی زهووری سه‌ربازی له‌ گونده‌واری ئیدلب ده‌ستگیریان كردبوون و رۆژی 21/1/2018 سوپای سووریا كۆنترۆڵی كرده‌وه‌

یه‌كێك له‌ دیله‌كانی ئێستا، رۆژی 11/1/2018 له‌ تۆمارێكدا كه‌ ئاژانسی ئه‌عماقی داعش بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: "هاتووین بۆ گونده‌واری حه‌ما و ئیدلب تا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی رزگاركردنی شام بكه‌ین،  پێمان سه‌یربوو رایانكرد و چه‌كدارانی داعش جێگه‌ی گرتنه‌وه‌، زۆریشمان لێ كوشتوون و به‌ دیل گرتوون".

له‌ كاتێكدا هه‌ندێك كه‌س ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاریش نییه‌ چه‌كداره‌ نه‌یاره‌كانیان ده‌كوژن و سه‌ریان ده‌بڕن، جا چ سوپای سووریا بیت یان سوپای ئازاد.

به‌ڵام ئێستا ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رده‌ستی گرووپه‌ ئیسلامییه‌كان و به‌گوێره‌ی قسه‌كانی كه‌سێك به‌ناوی نه‌قیب ناجی، لێكۆڵینه‌وه‌یان لێ ده‌كرێت و پاشان دادگایه‌كی تایبه‌ت بۆ سزادانیان پێكدێت.