به‌ فه‌رمی یانه‌یه‌كی پرێمه‌رلیگ دانی به‌وه‌ دانا 4 یاریزانی تاكسیه‌كیان دزیوه‌

چوار یاریزانه‌كه‌ پیاسه‌ی نێو شاری بارسێلۆنای پێكردووه‌ و سووڕاونه‌ته‌وه‌

یانەی وێست برۆمیچ ئاڵبیۆنی ئینگلیزی بەفەرمی دانی بەوە دانا کە 4 یاریزانی یانەکەی ئۆتۆمبێڵێکی تاکسییان دزیوە.

دوای ئەوەی میدیاکان بڵاویانکردەوە، 4 یاریزانی وێست برۆمیچ ئاڵبیۆنی ئینگلیزی لە کاتی ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان لە بارسێلۆنا ئۆتۆمبێڵێکی تاکسییان دزیوە.

یانەی وێست برۆمیچ ئاڵبیۆنی ئینگلیزی ئەمڕۆ سەر لە بەیانی لە بەیاننامەیەکیدا ئاشکرایکردووە، گاریس باری و جیک لیڤەر مۆر و جۆنی ئیڤانز و بواز مایهێلی کە چوار یاریزانی یانە ئینگلیزییەکەن، ئۆتۆمبێڵێکی تاکسییان لە کاتی مانەوەی یانەکە بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و ئامادەکاریی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆیان دزیوە.

 پۆلیسی ئیسپانیاش ئاشکرایکردووە، ئەو 4 یاریزانەی ئاڵبیۆن تاکسییەکیان بە کرێگرتووە بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە رێستۆرانتێکی خواردنی خێرا، بەڵام کاتێک شوفێرەکە ئۆتۆمبێڵەکەی بەجێهێشتووە، هەر چوار یاریزانەکە ئۆتۆمبێڵەکەیان رفاندووە و پیاسەیەکی ناو شاری بارسێلۆنایان کردووە و دواتر لە دووری هۆتێڵی مانەوەیان تاکسییەکەیان بەجێهیشتووە.

سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکان داوای لێبوردنیان لە یانەکەیان و هاندەرانیان کردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەلایەن یانەکەیانەوە رووبەڕووی سزایەکی قورس ببنەوە، تەنانەت پێشبینی دەکرێت ئالان پاردۆی راهێنەری یانەکەش بە به‌هۆی ئەم رووداوەوە دەست لەکار بکێشێتەوە.