یەپەگە ھێرشی پێچەوانە دژی سوپای توركیا ئەنجام دەدات

"ژمارەیەك سەربازی سوپا و چەكدارانی سوپای ئازاد كوژراون"

K24 - ھەولێر

یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایدەگەیەنێت، ھێرشی پێچەوانەیان كردووەتە سەر سوپای توركیا و ژمارەیەك سەربازی توركیا و چەكداری سوپای ئازاد كوژراون.

ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگە بڵاوی كردەوە: "شەڕڤانانی یەپەگە لە شارۆچكەی ماری سەربە ئەعزاز ھێرشییان كردووەتە سەر خاڵێكی سوپای توركیا و ژمارەیەك سەرباز كوژراون".

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە لەلایەكی دیكە، لە ناوچەی جندرێسی عەفرین ھێرش بۆسەر سوپای توركیا ئەنجامدراوە، بەڵام ھیچ زانیارییەك لەبارەی زیانەكان ئاشكرا نەكراوە.

تائێستا سوپای توركیا ھیچ زانیارییەكی لەبارەی ئەو شەڕە بڵاونەكردووەتەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش لێدوانی فەرمیان لەبارەیەوە نەداوە.

پێشتریش لە 17 ئەم مانگەدا بۆ یەكەمجار لە ماوەی دەستپێكردنی شەڕی عەفرین شەڕڤانانی یەپەگە ھێرشی پێچەوانەیان دژی سوپای توركیا، لە ناوچەی قەرەخان ئەنجامدا.

ئەمە لەكاتێكدایە دوای مانگێك لە ھێرشی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین، لە 20 ئەمانگەدا ھێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا ھاتنە نێو عەفرین و بەرپرسانی یەپەگەش ئاشكرایان كرد كە لە سنوورەكان بڵاوەیان پێكراوە.

H.M