لە سلێمانی خۆپێشاندان دەستیپێكردەوە

كەسوكاری قوتابیان سكاڵا لەسەر حكوومەت تۆمار دەكەن

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ جارێكی دیكە مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی خۆپێشاندانیان دەستپێكردەوە و داوا دەكەن مووچەكانیان بۆ خەرج بكرێت، ھاوكات كەسوكاری قوتابیان سكاڵا دژی حكوومەتی ھەرێم تۆمار دەكەن.

دیار جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی دژی پێنەدانی مووچەكانیان خۆپێشاندانیان دەستپێكردەوە و چەندین درووشمیان بە زمانی كوردی و عەرەبی بەرزكردووەتەوە و داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق دەكەن مووچەكانیان پێبدرێت".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "ھاوكات ئەمڕۆ كەسوكاری قوتابیان، لەبەرامبەر وەستانی دەوامی خوێندن، لە دادگا سلێمانی سكاڵاییان دژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تۆماركرد".

ئەمە لەكاتێكدایە زیاتر لە مانگێكە بەھۆی بایكۆتی مامۆستایان، دەوامی خوێندن لە قوتابخانەكانی سلێمانی وەستاوە و قوتابیانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە وانەكانیان دواكەوتوون.

لە ساڵی رابردووشدا بەھەمان شێوە بەھۆی خۆپێشاندان و بایكۆتی مامۆستایان، لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە نەتوانرا دەوامی خوێندن وەك پارێزگاكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان بكرێت و قوتابیان لە وانەكانیان دواكەوتن.

H.M