هێزێكی دیكه‌ی سوپای توركیا گه‌یشته نزیك سنووری عه‌فرین
ئه‌و كاروانه سه‌ربازییه 40 ئۆتۆمۆبیل و تانكی سه‌ربازی له‌خۆ ده‌گرێت و ژماره‌یه‌ك سه‌ربازیش یاوه‌ری ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی، رۆژی سێشه‌ممه هێزێكی دیكه‌ی سه‌ربازی سوپای توركیا گه‌یشته ناوچه‌ی كلێسی باكووری كوردستان، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا به‌ناوی "ئۆپه‌راسیۆنی چڵه زه‌یتون"، له دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه، له شاری عه‌فرین.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌نادۆڵ، ئه‌و كاروانه سه‌ربازییه 40 ئۆتۆمۆبیل و تانكی سه‌ربازی له‌خۆ ده‌گرێت و، ژماره‌یه‌ك سه‌ربازیش یاوه‌ری ده‌كه‌ن و، دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتوونه‌ته سنووری شاری كلیس، له‌و ناوچه سنووریانه جێگیركراون، كه بۆیان دیاریكراون.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی رۆیته‌رز، رۆژی دووشه‌ممه‌ش، سوپاى توركيا بۆ پشتيوانى له سوپاى وڵاته‌كه‌ى له هێرشيان بۆ سه‌ر عه‌فرين، هێزێكى ديكه‌ى پۆلیسی تايبه‌تى ره‌وانه‌ى به‌ره‌كانى شه‌ڕ كرد.
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى رۆيته‌رز بڵاويكرده‌وه، ئه‌مڕۆ وه‌ك ئاماده‌كارى بۆ هێرشى نوێ و شه‌ڕى زياتر به مه‌به‌ستى شكاندنى هێڵى به‌رگرى شه‌ڕڤانه كورده‌كان، سوپاى توركيا هێزى تايبه‌تى ره‌وانه‌ى به‌ره‌كانى شه‌ڕ كردووه.
ناردنى ئه‌و هێزانه له كاتێكدايه، نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان له بڕيارنامه‌يه‌كدا داوايكرد، شه‌ڕ له ته‌واوى سووريا بوه‌ستێندرێت و ئاگربه‌ست رابگه‌يه‌نرێت.
جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، به‌كر بۆزداغ، له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵى ئێن تى ڤى رايگه‌ياند، هێزه تايبه‌ته‌كانيان ره‌وانه‌ى به‌ره‌كانى شه‌ڕ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌نجامدانى شه‌ڕێكى نوێ، كه واده‌ى نزيك بووه‌ته‌وه.
بۆزداغ، سه‌باره‌ت به بڕياره‌كه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كانيش، گوتى: ئه‌و بڕياره عه‌فرين ناگرێته‌وه.
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئه‌نادۆڵى توركى بڵاويكرده‌وه، يه‌كه‌يه‌كى هێزه تايبه‌ته‌كانى توركيا له سنوورى باكوورى خۆرئاواى عه‌فرينه‌وه به‌شدارى له شه‌ڕدا ده‌كه‌ن و ئامانجيانه ئه‌و گوندانه كێوماڵ بكه‌ن، كه كه‌وتوونه‌ته ده‌ستى سوپاى توركيا.
هێرشى سوپاى توركيا و ميليشيا ئيسلامييه‌كانى هاوپه‌يمانى ئه‌نقه‌ره بۆ سه‌ر كانتۆنى عه‌فرين له 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018 ه‌وه ده‌ستيپێكردووه و تا ئێستا به‌رده‌وامه.
H.B