جەعفەری بۆ كوردستان 24 باسی كردنەوەی فڕۆكەخانەی كوردستان دەكات
"دەبێت پابەندی یاساكانی فڕۆكەوانی عێراق بن"
K24 - ھەولێر:
ئیبراھیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستان 24، له مۆسكۆی پایتهختی رووسیا راگەیاند، ئەگەر ھەرێمی كوردستان پابەندی یاساكانی فڕۆكەوانی عێراق بێت، ئەوا فڕۆكەخانەكانی كوردستان بەرووی گەشتە نێودەوڵەتییەكان داناخرێن.
ئیبراھیم جەعفەری گوتی: "عێراق فڕۆكەخانەكان داناخات، ئەگەر سەرپێچی یاسایی نەبێت، ئەگەر ھەرێمی كوردستان پابەندی یاسابێت، ئەوە فڕۆكەخانەكان داناخرێن".
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر چەند جارێك حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستانیداوە، بەڵام تائێستا بەڵێنەكانی جێبەجێنەكردووە، بەڵكو بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستانی بۆ سێ مانگی دیكە درێژكردووەتەوە.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، حكوومەتی عێراق بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستانی داخست.
وێڕای ئهوهی عهبادی بهردهوام بهڵێنی كردنهوهی فڕۆكهخانهكان و نزیكبوونهوه و رێككهوتن دهكات لهگهڵ ههرێمی كوردستان، بهڵام تا ئێستا هیچ بهڵێنێكی نههێناوهته جێ.