بەشێک لە بڕگەکانی یاسای چاکسازی هەموار دەکرێتەوە
فراکسیۆنی پارتی پرۆژە یاسایهكی دیکە ئامادە دەکات
K24 – ههولێر:
بەشێک لە بڕگەکانی یاسای چاکسازی هەموار دەکرێتەوە بە تایبەت ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە مووچە و ئیمتیازاتی خانەنشینانی پەرلەمانتار و پلە باڵاکان، فراکسیۆنی پارتی بۆ ئەم مەبەستە پرۆژە یاسایهكی دیکە ئامادە دەکات لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە گفتوگۆی لەسەر دەکات.
پرۆژە یاسای چاکسازی دوای چەند رۆژێک لە پەسەندکردنی, هەوڵی هەموارکردنەوەی دەدرێت، بە تایبەت ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە مووچە و ئیمتیازاتی خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکان.
شەقام لە پەرلەمانتاران ناڕازیيە و ئەوانیش بۆ رازیکردنی شەقام لە هەوڵی هەمواری یاساکەن.
فراکسیۆنی پارتی بۆ هەمواری یاساکە له ههوڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەکه و لە گەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە گفتوگۆی لەسەر دەکات، بەپێ ئەو پرۆژەیەی فراکسیۆنی زەرد مووچەی پەرلەمانتارانی خانەنشینکراو پلەباڵاکان کەمدەکرێتەوە.
لە دوای پەسەندکردنی پرۆژەکە هاووڵاتیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و شەقام, دژی بەشێک لە بڕگەکانی پرۆژهكه بوون، پسپۆرانی ئابووریش رەخنە لە پرۆژه یاساکە دەگرن، ئەوان پێیانوایە بەشێکی ئەو یاسایە بارگرانیيە له سەر هاووڵاتیان و نابێت پەرلەمانتار خانەنشین بکرێن.
لە نێوهۆڵی پەرلەمان سەرجەم فراکسیۆنەکان دەنگیان بە تەواوی پرۆژەکە داوە لە دەرەوەی پەرلەمانیش زۆربەی پەرلەمانتارەکان دەڵێن دەنگمان نەداوە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش دەڵێت بە کۆی دەنگ پەسەند کراوە، ئەوەی لای هاووڵاتیيان گرنگە هەمواری یاساکەیە و کەمکردنەوەی مووچە و ئیمتیازی بەرپرسان و پەرلەمانتارانە به یاسا.
ا. م