ئهپڵ دهبێته دهوڵهمهندترين كۆمپانياى جيهان
كۆمپانیای ئەپڵ ھەوڵدەدات لەرێگەی فرۆشی بەرھەمە نوێكانی ئاستی داھاتەكانی بەرزبكاتەوە
K24 – ههولێر:
كۆمپانیای ئەپڵ ھەوڵدەدات لەرێگەی فرۆشی بەرھەمە نوێكانی ئاستی داھاتەكانی بەرزبكاتەوە و دەیەوێت ببێتە گەورەترین كۆمپانیا لە رووی زۆری داھاتەوە، ئاژانسی بڵۆمبێرگ بڵاویكردەوە، ئەپڵ لە داھاتێكی 1 ترلیۆن دۆلاری نزیكدەبێتەوە و لە ماوەی نزیكیشدا ئەو سەركەوتنە رادەگەیەنێت.
گەورە كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان ھەوڵی دەستخستنی داھاتی زیاتر و كۆنترۆڵكردنی بازارە جیھانییەكان دەدەن، لەگەڵ وەشانی یەكەم مۆبایلی زیرەكیش ركابەری نێوان كۆمپانیا زەبەلاحەكان توندتربووە و یەكێك لەو كۆمپانیایەش كە قازانجێكی زۆری كردووە ئەپڵی ئەمرییكییە كە لە داھاتێكی یەك ترلیۆن دۆلاری نزیك دەبێتەوە، بەمەش دەبێتە گەورەترین و دەوڵەمەندترین كۆمپانیا لەسەر ئاستی جیھاندا.
ئەپڵ لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە بەرھێنانی كۆمپیوتەری جۆری ماكنتۆش و ئایپاد و جۆرەكانی ئایفۆن داھاتێكی زۆری لە بازاڕەكاندا كۆكردەوە و بە ئامانجی دەستخستنی پارەی زیاتریش ماوە ماوە مۆدێلێكی نوێ لە مۆبایلەكانی دەخاتە بازاڕەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی دامەزراوە دارییەكانی جیھان كەلەسەر داھاتی كۆمپانیاكان بڵاویكردووەتەوە، داھاتی كۆمپانیای ئەپڵی سەرووی 900 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، لەماوەیەكی نزیكیكشدا دەبێتە خاوەنی یەك ترلیۆن دۆلار، بەمەش ئەپل بەسەر ركابەرەكانی سەردەكەوێت و پێگەی خۆی لە بازاڕەكاندا توندتر دەكات.
كۆمپانیای ئەپڵ خۆی ئامادەكات بۆ ئەوەی لەماوەی ئەمساڵدا زۆرترین داھات لە رێگەی بەرھەمەكانیدا كۆبكاتەوە بۆ ئەم مەبەست بڕیارە لەمانگی داھاتوودا دوو جۆری نوێی ئایفۆن به ناوەكانی ئایفۆن ئێكس بخاته بازاڕهكانهوه، پێشبینیدەكرێ ئەپڵ بەم ھەنگاوە داھاتەكەی بگەینێتە یەك ترلیۆن دۆلار.
بەگوێرەی راپۆرتی بڵۆمبێرگ، ئێستا لە گۆڕەپانی بازرگانیدا تاكە كۆمپانیای ركابەری ئەپڵ كۆمپانیای ئەمازۆنە كە داھاتەكەی 732 ملیار دۆلار تێپەڕاندووە و ھەوڵییشدەدات لەماوەی ئەمساڵدا ببێتە خاوەنی یەك ترلیۆن دۆلار.
كۆمپانیای ئەپڵ لەماوەی رابردوودا بڵاویكردهوه، بەھۆی چاكسازی لە یاسای باجدا تا ساڵی 2019 فرۆشی پشكەكانی دەگەیەنێتە 210 ملیار دۆلارو ھەوڵیش دەدات بازاڕەكانی بەرووی پشكداراندا فروانتر بكات. ھەروەھا لەماوەی ئەمساڵدا زۆرترین بەرھەمی نوێ دەخاتە بازارەكانەوە.
ئ.ر