یەكێتی پرسی كۆنگرەی پێ یەكلایی نابێتەوە

باڵەكان ناگەن بە یەك

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی پێشنیازی ئەوەی بۆ سەركردایەتی حزبەكەی كردبوو، كە 5 ئاداری 2018، وەك رۆژی بەستنی كۆنگرە دیار بكرێت، دوای سەر نەگرتنی ئەو پێشنیازە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و عادل موراد بڕیاریاندابوو كە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی بەرفراوانی یەكێتی ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیە ئەمڕۆش ئەنجام نادرێت.

لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی و سەركردەكان ناكرێت".

سەبارەت بە ھۆكاری كۆ نەبوونەوەی یەكێتی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حزبە ئامادەنەبوو زانیاری ئاشكرا بكات و گوتی: "ئاگاداری ھۆكارەكە نیم".

پێشتر زوبێر عوسمان، جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی رایگەیاندبوو: "لە كۆبوونەوەی سكرتاریەتی ئەنجوومەنی ناوەند و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، رۆژی شەممە 3 ئەم مانگە لەماڵی مام جەلال، بڕیارماندا رۆژی 5/3/2018 کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی ناوەندی ئەنجامبدەین و بڕیاری بەستنی کۆنگرە بدەین پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بە نووسینگەی تایبەتی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كرد، بێ ئاگایی خۆیان لەوە دەربڕی كە ئەمڕۆ یەكێتی كۆبوونەوەی ھەبێت.

 

لە 22 شوباتی ئەمساڵ، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ناسراو بە سەرپەرشتیاری باڵی دەستڕۆیشتووی حزبەكەی، نامەیەكی ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ كرد و بە ھۆكاری ئەنجام نەدانی كۆنگرەی یەكێتی تۆمەتباری كرد، لە نامەكەدا داوای لێكردووە: "هیوادارم كە بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆت بە ئەمانەتەوە جێبەجێ بكەیت بۆئەوەی كە ناوت وەك هەڵوەرێنەری چەپكە گوڵەكەی مام و یەكێتی نەچێتە لاپەڕەكای مێژووەوە".

نامەكەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، جارێكی دیكە دۆخی ناوخۆی یەكێتی گرژی خستەوە ناو ئۆرگانەكانی یەكێتی و كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە نامەیەكدا وەڵامی ھاوسەری تاڵەبانی دایەوە و خۆیی و بنەماڵەكەی بە قورخكاری دەسەڵاتی یەكێتی و وەسفكردن.

ھ.م