زێدان: دڵنیام سبه‌ی پاریس سانجێرمان ده‌یه‌وێت ژیانمان ئاڵۆز بكات
زێدان له پاریس بۆچوونی خۆی له باره‌ی یارییه قورسه‌كه‌ی سبه‌ی راگه‌یاند
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر له پاریس پرێسك كۆنفرانسێكی له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی سانجێرمان ئه‌نجام دا و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی له ڕووی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه به رێژه‌ی 100% ئاماده‌ن.
زینه‌دین زێدان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی كه‌وتۆته دڵه‌ڕاوكێ و گوتیشی: به‌هۆی یارییه قورس و گه‌وره‌كه‌مان به‌رامبه‌ر سانجێرمان تووشی كه‌مێك شله‌ژان بوومه.
زێدان ده‌شڵێت: دی ماریا یاریزانێكی گه‌وره‌یه و ده‌توانێت شوێنی نێیمار پڕ بكاته‌وه، ئه‌و مێژوویه‌كی گه‌وره‌ی پێشتر له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید بنیاتناوه.
زیزۆ گوتیشی: ئێمه سبه‌ی 11 یاریزان به 11 یاریزان یارییه‌كه له دژی یه‌كتر ده‌كه‌ن، پێویسته ناوبژیوان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه یارییه‌كه به‌ڕێوه‌ببات.
زیزۆ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه هێشتا له هیچ شتێك دڵنیا نیم و 90 خوله‌ك له یارییه‌كه ماوه، نازانم چی رووده‌دات، به‌ڵام ئێمه هه‌موو هه‌وڵی خۆمان بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌مان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ.
له باره‌ی به‌شداریكردنی كرووس و مۆدریچ له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی، زیزۆ له به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا ده‌ڵێت: ئه‌وان ئاماده‌ن و سبه‌ی روون ده‌بێته‌وه و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت ده‌ستده‌كه‌وێت.
زیزۆ گوتیشی: نازانم چی رووده‌دات، دڵنیام سبه‌ی پاریس سانجێرمان ده‌یه‌وێت ژیانمان لێ ئاڵۆز بكات، به‌ڵام ئێمه بۆ بردنه‌وه ده‌چینه نێو یاریگه بۆیه هیچ شتێك ناتوانێت له گه‌یشتن بۆ قۆناخی هه‌شتی چامپیۆنزلیگ بمانوه‌ستێنێت.
بڕیاره سبه‌ی سێشه‌ممه، له یاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی پاریس سانجێرمان له یاریگه‌ی خۆی میوانداریی ریال مه‌درید بكات، له یاری چوون یانه پاریسییه‌كه به ئه‌نجامی (3 ـ 1) تووشی شكست بوو.