پوتین نهێنی پێكه‌نینه‌كانی خۆی و میلانیا تره‌مپ ئاشكرا ده‌كات
بزانه له هامبۆرگی ئه‌ڵمانیا پوتین باسی چی بۆ میلانیا كردووه
K24 - هه‌ولێر:
"ورچ و پڵینگ، مافه‌كانی دایكایه‌تی له رووسیا"، ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆی نێوان ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆك رووسیا و میلانیا تره‌مپ، هاوسه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بووه له دیداریان له په‌راوێزی لووتكه‌ی G20, له هامبۆرگی ئه‌ڵمانیا.
له دۆكیومێنتارییه‌كدا له باره‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی پوتین، وه‌ك سه‌رۆكی رووسیا، كه له وێبسایتی رووسیه‌لیه‌ومی ئینگلیزی بڵاوكراوه‌ته‌وه، پوتین ناوه‌ڕۆكی قسه‌كانی له‌گه‌ڵ میلانیا ئاشكرا ده‌كات.
به گوێره‌ی وێبسایته‌كه، پوتین له‌گه‌ڵ میلانیا تره‌مپ، هاوسه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئیمانوێلا میۆرۆ، هاوسه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا، باسی له مافه‌كانی دایك و مۆڵه‌تی دایكایه‌تی كردووه له رووسیا و شانازی به‌وه كردووه، مافه‌كانی دایك له‌و وڵاته پارێزراوه.
له باره‌ی كاردانه‌وه‌ی میلانیا و ئیمانوێلا، پوتین ده‌ڵێت: "ئه‌وان خۆشحاڵبوون به‌وه‌ی مافی دایكایه‌تی به‌و شێوه‌یه پارێزراوه".
ڤلادیمێر سۆلۆڤیڤ، كه له دۆكیومێنتارییه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پوتین ده‌كات، به شێوازێكی خه‌نده‌ئامێز، ده‌ڵێت: "ئایا هه‌وڵت نه‌دا هه‌ریه‌ك له میلانیا و ئیمانوێلا، وه‌ك كارمه‌ندی ده‌زگای هه‌واڵگری رووسیا KGB دابمه‌زرێنی، به‌و پێیه‌ی له رابردوودا، ساڵانێك ئه‌و كاره‌ت بۆ ده‌زگاكه كردووه؟".
پوتین به پێكه‌نینه‌وه و وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: "نه‌خێر.. ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌كی زۆریشه ئه‌و كاره‌م نه‌كردووه، هه‌رچه‌نده خۆم ئه‌و كاره‌م پێخۆشه و ساڵانێك له‌و ده‌زگایه به‌رپرسی ئه‌و به‌شه بوومه".
پوتین له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، له باره‌ی گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو خانمه‌دا، ده‌ڵێت: "باسی سرووشتی جوانی رووسیا، ورچی كاماشتكا، پڵینگی سیبیریا و چێژی راوكردن و ماسیگرتنمان كرد".
به پێكه‌نینه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "وه‌ك پێشبینی ده‌كرێت له‌و جۆره گفتوگۆیانه به‌رده‌وام به زیاده‌وه باس له قه‌باره‌ی ئه‌و ماسییانه ده‌كرێت كه راوتكردووه، چونكه ئه‌گه‌ر وانه‌بێت، چۆن ده‌توانی به‌هره‌كانی خۆت له ماسیگرتندا ده‌ربخه‌ی؟".
ا. م