ستیفن هۆكینگ كۆچی دوایی كرد
پزیشكان له ساڵی 1963 رایانگه‌یاندبوو ته‌نها 2 ساڵی دیكه ده‌ژی
K24 - هه‌ولێر:
زانای به‌ناوبانگی به‌ریتانی بواری فیزیا, ستيفين هۆكینگ، له ته‌مه‌نی 76 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
میدیاكانی به‌ریتانیا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، به‌یانی ئه‌مڕۆ، ئه‌ندامانی خێزانی هۆكینگ، مردنی ئه‌و زانایه‌ی فیزیایان بڵاوكرده‌وه.
هۆكینگ له ساڵی 1942 له ئۆكسفۆردی ئینگلته‌را له دایكبووه، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌نه‌وه، كه به‌رده‌وام گه‌شه‌ی كردووه، تووشی ئیفلیجی بووه.
له ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا، پزیشكان نه‌خۆشییه‌كه‌ی هۆكینگیان دیاریكرد و رایانگه‌یاند، نه‌خۆشییه‌كه‌ی سه‌خته و پێده‌چێت ته‌نها دوو ساڵی دیكه بژی.
له كۆتایی 1960 توانای جه‌سته‌یی رووی له خراپی كرد و ناچاربووه به دارشهققه رێبكات و نه‌یتوانیوه وانه‌كان له زانكۆ بڵێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ورده ورده تواناكانی نووسینیشی له‌ده‌ستدا، له جیاتی ئه‌وه هۆكینگ په‌ره‌ی به توانای بینین‌دا بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانی له بواری فیزیادا بگه‌یه‌نێت.
له كۆتایی حه‌فتاكان ته‌ندرووستی هۆكینگ به‌ره‌و خراپتر چوو و جگه له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی نه‌یده‌توانی هیچ كه‌سێك له مه‌به‌سته‌كانی تێبگه‌یه‌نێت، بۆیه به‌رده‌وام یه‌كێك له خێزانه‌كه‌ی، قسه‌كانی وه‌رده‌گێڕا و بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی روونی ده‌كرده‌وه.
له ساڵی 1971، هاوكات له‌گه‌ڵ رۆجه‌ر بینرۆز، زانای بواری فیزیا، كاریان له‌سه‌ر بیردۆزی رێژه‌یی ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین كرد، به‌وه‌ی "كونه ره‌شه‌كان" یاخود ئه‌ستێره داڕماوه‌كان به‌هۆی هێزی كێشكردنهوهیه و حاڵه‌تێكی دابه‌شبوونه له گه‌ردوون.
دوای سێ ساڵ كاركردن له‌سه‌ر بیردۆزه‌كه، توانی بیسه‌لمێنێت به‌وه‌ی ئه‌و "كونه ره‌شانه" له گه‌ردوون، تیشكدانه‌وه‌یه‌ك ده‌رده‌ده‌ن و ناوی نا "تیشكدانه‌وه‌ی هۆكینگ"، كه پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی بیردۆزه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو كه له‌لایه‌ن زانایانی دیكه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كرا.
دواتریش له‌گه‌ڵ جیم هارتیلی یاریده‌ده‌ری، په‌ره‌یان به بیردۆزی "ناسنوورداری گه‌ردوون" دا، كه پێشبینییه‌كانی پێشتری گۆڕی له باره‌ی ته‌قینه‌وه گه‌وره‌كه و گه‌شه‌كردنی گه‌ردوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ بنه‌مای سیسته‌می رێكخراوی و داخراوی گه‌ردوون، دژ یه‌ك نه‌بوو.
له كۆتایی هه‌شتاكاندا، كتێبه‌كه‌ی به‌ناوی "مێژووی پوختی زه‌مه‌ن"ی بڵاوكرده‌وه، كه فرۆشێكی زۆری هه‌بوو و ناوبانگێكی زۆری پێ په‌یداكرد، هۆكینگ، له‌و بڕوایه‌دا بوو، كه ده‌بێت هه‌موو مرۆڤێكی ئاسایی بنه‌ماكانی گه‌ردوون تێبگات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، بیردۆزه‌كه‌ی ساده كردبۆوه.
هۆكینگ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵاتی ئه‌كادیمی و نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێناوه، وه‌كو ملوانكه‌ی ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین، مه‌دالیای زێڕینی زانكۆی فه‌له‌كی شاهانه، خه‌ڵات وۆڵف له بواری فیزیا و خه‌ڵاتی شازاده ئاستۆریاس له كۆنكۆرد.
ا. م