به‌هۆی هه‌ره‌شه‌كانی توركیا جارێكی دیكه‌ خه‌ڵكی شنگال ئاواره‌ ده‌بێت

"كوردانی ئێزیدی ترسیان له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كی نوێ هه‌یه‌"

K24- هه‌ولێر:

قایمقامی قه‌زای شنگال دووپاتیكرده‌وه‌، ژماره‌یه‌ك خێزان له‌ ناوچه‌كانی سنونێ و خانه‌سۆری سه‌ر به‌ قه‌زای شنگال، له‌ترسی هه‌ره‌شه‌كانی توركیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌پاساوی بوونی بنكه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌، به‌ره‌و ناوه‌ندی قه‌زای شنگال ئاواره‌ بوونه‌ و گوتیشی، كوردانی ئێزیدی ترسیان له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كی نوێ هه‌یه‌.

فه‌هه‌د حامۆ، قایمقامی قه‌زای شنگال به‌ سایتی "به‌غدادولیه‌وم"ـی راگه‌یاند: "به‌هۆی هه‌ره‌شه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر شنگال، ترسێكی گه‌وره‌ له‌ هاووڵاتیانی ئێزیدی نیشتووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ چیای شنگالن"، گوتیشی، "به‌م دواییانه‌ ژماره‌یه‌ك خێزانی ئێزیدی له‌ ناوچه‌كانی سنوونێ و خانه‌سۆر ماڵ و حاڵی خۆیان به‌ره‌و ناوه‌ندی قه‌زای شنگال جێهێشتووه‌".

هه‌روه‌ها گوتیشی، "كوردانی ئێزیدی له‌و ناوچانه‌ هێشتا دیمه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵكوژیه‌كانی داعش ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ هزریان نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌ و، له‌ ئه‌گه‌ری كرده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا، ترسیان له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساتی هاوشێوه‌ هه‌یه‌".

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، 18ی ئه‌م مانگه‌ هێزه‌كانی توركیا له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستان، به‌ قوڵایی 10 تا 20 كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته‌ ناو خاكی كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی سێكوچكه‌ی نێوان باكوور و باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و، شه‌ڕ و پێكدادانێكی سه‌خت له‌و ناوچانه‌ له‌نێوان سوپای توركیا و گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ ده‌گوزه‌رێت.

له‌ 19 ئه‌م مانگه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا جه‌ختی كرده‌وه‌، سوپای وڵاته‌كه‌ی به‌ ته‌واوبوونی ئۆپه‌راسیۆنی "چڵه‌ زه‌یتوون" بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان، ئه‌وان له‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن و جگه‌ له‌ ناوچه‌كانی مونبج، قامشلۆ، سه‌رێ كانیێ و كۆبانێ، كرده‌ سه‌ربازییه‌كانیان ده‌گوازنه‌وه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانیش، له‌وانه‌ش شنگال و قه‌ندیل و سیده‌كان.

سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ حكوومه‌تی عێراقی ئاگاداركردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رنه‌كات، ئه‌وا توركیا خۆی ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ده‌كات.

پێشتریش ئه‌ردوغان رایگه‌یاندبوو، بڕیاره‌ وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدات.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، نوێترین هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی، له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ توركیا، له‌ دژی په‌كه‌كه‌، راده‌گه‌یه‌نێت.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی "سۆمه‌ریه‌ نیوز"ی عێراقی، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌نجام بده‌ن و رایگه‌یاندووه‌، ئێستا عیراق، كار بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی وڵات ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، جه‌عفه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د یه‌ڵدز، بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبووه‌ته‌وه‌ و پێی راگه‌یاندووه‌، عێراق له‌گه‌ڵ پێشێلكردنی سنووره‌كانی عێراقدا نییه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ توركییه‌كانه‌وه‌ و دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ هێزه‌كانی له‌ باكووری مووسڵ و به‌عشیقه‌ش بكشێنێته‌وه‌.

جه‌عفه‌ری راشیگه‌یاندووه‌، رێگه‌ به‌ هیچ وڵاتێك ناده‌ن ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌ربدات و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیش له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێكی دراوسێ له‌ناو عێراق ئه‌نجام ناده‌ن.

پێشتر توركیا رایگه‌یاندبوو، دوای ته‌واوبوونی ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌ زه‌یتوونی عه‌فرین، ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق له‌ دژی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌سه‌ر سنووره‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

H.B