كۆمپانیا توركییەكان دێنەوە فڕۆكەخانەی ھەولێر
گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان ھەولێر و توركیا دەست پێدەكاتەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ھێڵی ئاسمانی توركی گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دەست پێدەكاتەوە.
ھێڵی ئاسمانی توركی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەمڕۆ ئێوارەوە گەشتە ئاسمانییەكانیان لە ئیستانبۆڵەوە بۆ ھەولێر دەستپێدەكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ماوەیەكی كەمدا135 پلیتی گشتی و 16ی تایبەت و بە گشتی 151 بلیتی فرۆكە بۆ ھەولێر فرۆشراون.
دوای ھەڵگرتنی گەمارۆی سەر ئاسمانی كوردستان لەلایەن عێراق، سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند، ئەوانیش گەمارۆكانیان ھەڵدەگرن، بەڵام بڕیارەكەیان فرۆكەخانەی سلێمانی ناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی چەند حزبێكی ئەو شارە پشتیوانی لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دژی توركیا دەكەن.
دوای زیاتر لە پێنج مانگ گەمارۆی ئاسمانی ھەرێمی كوردستان، لە 13 ئازاری 2018، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاری كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانیدا و رۆژی 14/3/2018، شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەولێریان كرد و لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ھەردوو وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و عێراق فڕۆكەخانەی ھەولێركرایەوە.
لە 29/9/2017، حكوومەتی عێراق ئابڵوقەی ئاسمانی خستە سەر ھەرێمی كوردستان و گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە ھەردوو فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی وەستێندران. دوای چەند مانگێك و چەندین كۆبوونەوەی نێوان ھەرێم و بەغدا، بڕیاردرا گەمارۆی ئاسمانی سەر ھەرێمی ھەڵبگیرێت.
ھ.م