نەتەوە یەكگرتووەكان لە دۆخی كوردانی ئێزدی نیگەرانە

"پێویستە پلانێك بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری شنگال هەبێت"

K24 - ھەولێر

نێردراوی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، ، پێویستە رێگەنەدرێت بۆشایی ئەمنی لە شنگال دروستببێت، کە ببێتە دەرفەتێك بۆ تێکدانی بارودۆخی ئەمنی شارۆچکەکە.

ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ یان کۆبیچ، نێردراوی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاندووە "پێویستە رێگەنەدرێت بۆشایی ئەمنی لە شنگال دروستببێت، کە ببێتە دەرفەتێك بۆ تێکدانی بارودۆخی ئەمنی شارۆچکەکە لەلایەن ئەو لایەنانەی بەرژوەندی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەیان ناوێت".

ڤیان دەخیل جەختیکردەوەتەوە: "پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان پلانێکی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری شنگال هەبێت".

لەبەرامبەریشدا یان کۆبیچ ئاماژەی بەوەداوە: "نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە بارودۆخی ئێزدییانی شارۆچکەی شنگال نیگەرانە و جەختی لەسەر پێویست دانانی پلانێك بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ هەزاران خێزانی ئیزدی دانیشتوی چیای شنگال کردووەتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە كە توركیا بە بیانووی بوونی ھێزەكانی پەكەكە، ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر شنگال دەكات و بەرپرسانی پەكەكەش ئاشكرایان كردووە كە لە شنگال دەكشێنەوە.

ھ.م