مه‌سروور بارزانی: پێویسته‌ رەوشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ئاسایی بکرێته‌وه‌

"له‌ سەرهەڵدانەوەی چالاکیی تیرۆریستان له‌ عێراق و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نیگه‌رانیین"

‌K24 - هه‌ولێر:

مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌ پێشوازیكردنی جەنەرال وۆلتر پایێت، فەرماندەی گشتیی نوێی هێزی هاوپەیامانان لە عێراق و شاندی یاوەری، نیگه‌رانی خۆی له‌ سەرهەڵدانەوەی چالاکیی تیرۆریستان لە هەندێ ناوچەی عێراق و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەربڕی.

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، بە پێویستیشی زانی هەرچی زووتره‌ بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەرێم و لایەنە نێودەوڵەتی و عێراقییەکان رەوشی ئەم ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە و هەموو ئەو هۆکارە سیاسی و ئابووری و ئیدارییانە لابدرێن کە رێخۆشکەرن بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی و گەشەکردنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان.

مه‌سروور بارزانی، هیوای سەرکەوتنی بۆ جەنەرال پایێت خواست كه‌ وه‌ك فەرماندەی گشتیی نوێی هێزی هاوپەیامانان لە عێراق ده‌ستبه‌كاربووه‌ و دووپاتیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەک لە بەرەی جەنگی دژ بە تیرۆریستاندا دەمێنێتەوە.

لە بەرامبەردا فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان پابەندبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی کاریگەری هەیە و وەک فاکتەرێکی سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگەی پێزانینی هاوپەیمانانە.

جەنەرال پایێت ئاواتی خواست کە بە هەماهەنگی هەموو لایەک رێگە لە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بگیرێت و بردنەوەی جەنگی دژ بە تیرۆریستان بە بردنەوەی ئاشتی و سەقامگیری کۆتایی پێ بهێت.

ا. م