هەرێمی کوردستان و فلیپین پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەلمیر کاتۆ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی فلیپین لە بەغدا کرد

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەلمیر کاتۆ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی فلیپین لە بەغدا کرد.

لەم دیدارەدا چۆنیەتی پێشخستنی پەیوەندییە دوولایەنەکان لە بواری جیاجیادا گفتوگۆیان لە سەر کرا.

هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی فلیپین ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆیی لە ناوچەکەدا کرد. ئاماژەی بە ئەوەدا، کە سەقامگیری و ئاسایش تایبەتمەندییەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە و فاکتەرێکە بۆ دووبارە بووژاندنەوەی هەرێم لە گشت بوارەکاندا.

ناوبراو سوپاسگوزاریی کەلتوری لەخۆبوردەیی و پڕ لە رێزی گەلی کوردستانی کرد بە هۆی ئەو مامەڵە باشەی لەگەڵ هاووڵاتیانی فلیپینی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ناوبراو ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ هەرێم دەربڕی و ئاواتی خواست لە ماوەیەکی نزیکدا ئاستی پەیوندیيەکان پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆوە ببینێت.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی فلیپین کرد وەک وڵاتێک کە خاوەن توانایەکی مرۆڤی بەهێزە و ئاواتی خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی دوولایەنە بگاتە جێگەی خواستی هەردوولا.