موقته‌دا سه‌در: ئاماده‌ين كه‌ركووك رزگار بكه‌ين

ره‌وته‌كه‌ى ئاماده‌يى ته‌واوى هه‌يه‌ بۆ رزگاركردنى كه‌ركووك له‌ ده‌ستى تيرۆر و ململانێى سياسى و تائيفى

K24 – هه‌ولێر:

رابه‌رى ره‌وتى سه‌در، موقته‌دا سه‌در، رايگه‌ياند، ره‌وته‌كه‌ى ئاماده‌يى ته‌واوى هه‌يه‌ بۆ رزگاركردنى كه‌ركووك له‌ ده‌ستى تيرۆر و ململانێى سياسى و تائيفى.

له‌ وه‌ڵامى پرسيارێكدا، كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى ئه‌منى رێگه‌ى به‌غدا و كه‌ركووك، ئاراسته‌ى كرابوو، موقته‌دا سه‌در گوتى: "ئێمه‌ ئاماده‌يى ته‌واومان هه‌يه‌ كه‌ركووك له‌ ده‌ستى تيرۆر و ململانێى سياسى و تائيفى رزگار بكه‌ين".

گوتيشى: "كه‌مته‌رخه‌مى حكومه‌ت له‌و رووه‌وه‌ به‌ روونى دياره‌".

ئه‌م قسانه‌ى سه‌در دواى ئه‌وه‌ دێن، له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، چه‌ندين كرده‌وه‌ى كوشتن و رفاندن له‌ لايه‌ن چه‌كدارانى نه‌ناسراو و گرووپه‌كانى داعش له‌سه‌ر رێگه‌ى كه‌ركووك به‌غدا روويانداوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆتايى مانگى ديسه‌مبه‌رى رابردوودا، حكومه‌تى عێراق رايگه‌ياند، كۆتايى به‌ بوونى چه‌كدارى داعش له‌ عێراق هێناوه‌، به‌ڵام له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا رايگه‌ياند، هێشتا جموجۆڵى داعش له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك و مه‌خموور و ناوچه‌ بيابانييه‌كانى عێراق ماوه‌.

ئ.ر