توركیا بۆ عێراق: ئاو به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه
توركیا: ئه‌گه‌ر عێراق په‌كه‌كه دوورنه‌خاته‌وه خۆمان ئه‌و كاره ده‌كه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا، به پێویستی ده‌زانێت، چه‌كدارانی په‌كه‌كه له باكووری عێراق و سووریا "باشوور و رۆژئاوای كوردستان"، دووربخرێنه‌وه و هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی كه ئه‌نقه‌ره رێكاری پێویست بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌گرێته‌به‌ر.
له باره‌ی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه له "باكووری عێراق" باشووری كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته عێراق چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی قه‌ده‌خه بكات و به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌نقه‌ره ناچار ده‌بێت ئه‌و كاره بكات.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵ بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه، توركیا چاوه‌ڕوانی عێراق ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه له قه‌ندیل و شنگال و ناوچه‌كانی دیكه قه‌ده‌خه‌بكات و رێگه نه‌دات له‌ناو خاكی عێراقه‌وه هێرش بكاته سه‌ر توركیا، ئه‌گه‌ر عێراقیش نه‌یتوانی ئه‌و كاره‌بكات، توركیا ئه‌نجامی ده‌دات.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجوومه‌نه‌كه، ئه‌گه‌ر بێت و "تیرۆریستان" له منبجی سووریاش دوورنه‌خرێنه‌وه، توركیا بێ‌دوودڵی ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كات و له‌و شوێنانه دووریانده‌خاته‌وه، هاوشێوه‌ی شوێنه‌كانی دیكه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رۆژنامه‌ی "العربی الجدید" بڵاویكردووه‌ته‌وه، توركیا ده‌یه‌وێت دۆسیه‌ی ئاوی دیجله و فورات وه‌ك كارت به‌رامبه‌ر عێراق به‌كاربهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه قه‌ده‌خه بكات.
رۆژنامه‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات، تێگه‌یشتنێكی سه‌ره‌تایی له نێوان توركیا و عێراق هه‌یه بۆ شارۆچكه‌ی شنگال و بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌و شوێنه.
ا. م