لە شنگال مەترسی دروستبوونی بارگرژیی ھەیە
"كاردانەوەكانی حكوومەتی عێراق بەرامبەر توركیا شەرمنانەیە"
K24 - ھەولێر
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر و نەبوونی ئیدارەیەك بۆ بەرێوەبردنی، ئەگەری دروستبوونی بارگرژی ئەمنی و ئیداری لە شنگال هەیە. پەرلەمانتارێكی عێراقیش ئاشكرای دەكات، ھاتنی ھێزەكانی عێراق بۆ شنگال کێشەی زۆریان بۆ دانیشتوانی شنگال دروستکردووە.
بەرەکات شەمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هۆشداری لە دروستبوونی بارگرژی ئەمنی و ئیداری لە شارۆچکەی شنگال دەدات و بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی راگەیاندووە: "فەرماندە سەربازییەکان بۆ دروستکردنی هەماهەنگی ئەمنی لەنێوان گرووپ و یەکەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان و روونەدانی هیچ پێکدادانێك لەنێوانیاندا گەیشتوونەتە شنگال".
گوتیشی: "کێشەی شنگال لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، ھەروەھا نەبوونی ئیدارەیەك بۆ بەڕێوەبردنی ئەو شارۆچکەیە سەریهەڵداوە. کە دەبێت شنگال لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەیەك بێت، کە توانای چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکانی هەبێت. ئێستا چەندین هێز و گرووپ و یەکە لەنێو شارۆچکەکەدان".
ھەر پەیوەست بەو باسەوە، ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەكەی گوتووە: "دانیشتوانی شنگال لە هەڕەشەکانی تورکیا و رێکارەکانی حکوومەتی عێراق لەو پارێزگایە نیگەرانن".
دەشڵێت: "کاردانەوەکانی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە هەڕەشەکانی تورکیا شەرمنانەیە و ئەمەش تورکیا هاندەدات، کە بێتە ناو ئەو شارۆچکەیە".
ئەو پەرلەمانتارە، هۆشداریشیدا لە هاتنە ناوەوەی سوپای ئازادی سووریا لەگەڵ هێزەکانی تورکیا بۆ شارۆچکەی شنگال و دەڵێ: "فیرقەی 15 ی سوپای عێراق کێشەی زۆریان بۆ دانیشتوانی شنگال دروستکردووە".
ئەمە لەكاتێكدایە دوای ھەڕەشەكانی توركیا بۆ ھێرشكردنە سەر شنگال، ھەفتەی رابردوو لە كۆبوونەوەیەكدا بەرپرسانی سەربازی عێراق و پەكەكە لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كە دۆسێی ئەمنی شنگال و دەوروبەری رادەستی حەشدی شەعبی و ھێزەكانی عێراق بكرێت.
ھ.م