رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ گه‌رميان ره‌خنه‌يان له‌ واده‌ى ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌

نيگه‌رانن له‌ دياريكردنى رۆژى 14/4 وه‌ك ده‌ستپێكى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق

K24 – هه‌ولێر:

رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ سنوورى گه‌رميان، نيگه‌رانن له‌ دياريكردنى رۆژى 14/4 وه‌ك ده‌ستپێكى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.

له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، هاتووه‌: "رێکخراوەکانی بواری ئەنفال و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە گەرمیان بە ئەوپەڕی توڕەیی و نیگەرانیيەوە لە دیاریکردنی رۆژی  14/4 واتە رۆژی کۆستی نەتەوەیی ئەنفال وەک یەکەم رۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عیراق دەڕوانن".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "لەکاتێکدا ئەم ھەڵوێستەی کۆمیسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کەلەپاڵ ھێزە عەرەبە شیعە وسوننەکاندا نوێنەرانی چەند حزبی کوردیشی تێدایە ئیدانە و رسوا دەکەین، ھاوکات زۆر جێی سەرسوڕمانە کە ئەو کوردانەی لەو کۆمیسيۆنەدان بەسەریاندا تێپەڕێندراوە و سەرکزانە رازی بوون رۆژی کۆست و ماتەمێکی نەتەوەیی گەلی کورد بکرێتە سەرەتایی بانگەشەی ھەڵبژاردن و رۆژی شایی وکەرنەڤاڵ ومیھرەجانی ئینتیخابی".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "گۆڕینی رۆژی دەستپێکی ھەڵبژاردن لە 10ی ٤ەوە بۆ ١٤ی٤  ئاماژەیەکی تری ئەو سەردەمی شکست و رسواییەیە کە ھێزە سیاسیيە دەسەڵاتدارەکانی کورد لە عێراقدا بەسەر کوردیاندا ھێناوە و نیشانەی کەلە رەقی و بوغرایی دەسەڵاتدارانی بەغداشە لەھەمبەر مافە رەواکانی گەلی کوردستان، کە لەجیاتی داوای لێبوردن لەم تاوانە، دوایی 30 ساڵ بەردەوام زامی کەسوکارەکانیان دەکولێننەوە".

ئه‌و رێكخراوانه‌ داوايه‌كيشيان ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و تێيدا هاتووه‌: "ئێمە رێکخراوەکانی ئەنفال و جینۆساید و رێکخراوە (NGO) گەرمیان ھۆشداری دەدەینە حکومەتی ھەرێم کە بەھیچ جۆرێک رێگە بە دەستپێکی بانگەشەی ھەڵبژاردن لەم رۆژەدا لە کوردستان نەدرێ و بەمە خوێی زیاتر نەکرێتە زامی کەس وکاری ئەنفالکراوەکان و ئەم کۆستە نەتەوەییەش ھەرچی زیاتر نەکرێتە بابەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەپێچەوانەشەوە ئێمە و کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیش بێدەنگ نابین و ھەڵوێستی ترمان دەبێت".