ئەمڕۆ رێگەی ھەولێر- مەخموور دەكرێتەوە

پێشتر ھەرێمی كوردستان ھەموو رێگاكانی كردبووەوە

K24 - ھەولێر

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر- مەخموور، بە کوردستان24 رایگەیاند: "ئەمرۆ رێگەی مەخموور بەرووی هاتووچۆی هاووڵاتیان دەکرێتەوە".

سیروان بارزانی گوتی: "لەگەڵ لایەنی عێراقی گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ کردنەوەی رێگەی مەخموور بە رووی هاتووچۆی هاووڵاتیان، لە ئەمرۆ بەدواوە خەڵكی دەتوانن لە هەردوو لاوە هاتووچۆ بکەن".

پێشتر هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەرجەم رێگاکانی نێوان کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقی کردوونەتەوە، بەڵام هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ئامادە نەبوو لای خۆیانەوە ئەو رێگایانە بکەنەوە، ئەمەش کێشەی بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان دروستکردووە.

دوای داگیركردنی كەركووك و بەشێكی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان لە 16 ئۆكتۆبەری 2017، حكوومەتی عێراق جگە لە ئابڵوقەی ئاسمانی و داخستنی خاڵە سنوورییەكانی ئێران، رێگەكانی كەركووك و مووسڵیشی لەگەڵ شارەكانی ھەرێمی كوردستان داخست.

ھ.م