میرانی: ھەندێك لایەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت پشتگیری خۆپێشاندان دەکەن
"با چاوەڕێی ھەڵبژاردن بكەن"
K24 - ھەولێر
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی پشتیوانی ھەندێك لایەنی سیاسی لە خۆپێشاندانەكان رایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت پشتگیری لە خۆپیشاندان دەکەن.
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه: "جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه بۆ ئێمه‌ی هێزی ناوخۆ به‌قسه‌ی هێزه ده‌ره‌كیه‌كان بكه‌ین، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كە چەندین ساڵ خه‌باتیان بۆ كردووه و به هه‌ڵبژاردن ئه‌م كیانه‌مان دروستكردووه. بۆچی داوای رووخانی دەكەن؟، به بۆچوونی ئێمه ئه‌وانه‌ی ئه‌م كاره ده‌كه‌ن نایانه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكرێت".
فازڵ میرانی دەشڵێت: "پارتی و یه‌كێتی ئه‌وانی دیكە به كوده‌تا نه‌هاتوون به هه‌ڵبژاردن دەسەڵاتیان گرتووەتەبەر، بۆیە ھه‌قه لایەنەكان چاوه‌ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، بە ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ھەموو لایەك به‌مافی خۆیان ده‌گەن".
میرانی راشیگەیان: "خۆپیشاندان مافێكی سرووشتی هه‌ركه‌سێكه، به‌ڵام خۆپیشاندانێك كه هه‌ندێك حزبی سیاسی بیقۆزنه‌وه بۆ درووشمی سیاسی خۆیان، ئه‌وه بێگومان بۆ هه‌ر پێشهاتێك قسه‌ی خۆی هه‌یە".
ئەو گوتانەی فازڵ میرانی، لەكاتێكدایە كە چەند رۆژێكە خۆپێشاندان لە شاروشارۆچەكانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و كاندیدی ھەندێك لایەنی سیاسی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەنێو خۆپێشاندانەكان بانگەشەی پێشوەختە بۆ خۆیان و حزبەكانیان دەكەن.
ھ.م